کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدەرچوون

دەرچوون ٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک گەل بینی موسا دواکەوت لە هاتنە خوارەوە لە کێوەکە، لەسەر هارون کۆبوونەوە و پێیان گوت: «وەرە! چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.»

٢هارونیش وەڵامی دانەوە: «ئەو گوارە زێڕانەی لە گوێی ژن و کوڕ و کچەکانتانە لێی بکەنەوە و بۆ منی بهێنن.»

٣جا هەموو گەل ئەو گوارانەی لە گوێیان بوون لێیان کردنەوە و بۆ هارونیان هێنا.

٤ئەویش لە دەستیانی وەرگرت و بە قاڵب شێوەی گوێرەکەیەکی داڕشت و بە قەڵەم و چەکوش ڕێکیخست، ئینجا گوتیان: «ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.»

٥کاتێک هارون ئەمەی بینی، قوربانگایەکی لەپێش گوێرەکەکە دروستکرد، بانگەوازی دا و گوتی: «بەیانی جەژنە بۆ یەزدان.»

٦ئینجا بەیانی زوو هەستان و قوربانی سووتاندنیان سەرخست و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد، ئینجا گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.

٧جا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت گەندەڵ بوو، ئەوەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە.

٨زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکردووە و کڕنۆشی بۆ دەبەن و قوربانی بۆ سەر دەبڕن و دەڵێن: ”ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا.“»

٩هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تەماشای ئەم گەلەم کرد، ئەوان گەلێکی کەللەڕەقن.

١٠ئێستاش لێمگەڕێ با تووڕەییم بەسەریاندا بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بهێنم، تۆش دەکەمە گەلێکی مەزن.»

١١بەڵام موسا لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە و گوتی: «یەزدان، بۆچی تووڕەییت بەسەر گەلەکەتدا دێتە جۆش، کە لە خاکی میسرەوە بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە دەرتهێنا؟

١٢بۆچی میسرییەکان بڵێن: ”بە نیازخراپی دەریهێنان هەتا لە کێوەکان بیانکوژێت و لەسەر ڕووی زەوی نەیانهێڵێت؟“ جۆشی تووڕەییت دابمرکێنەوە و ئەو سزایە ڕەت بکەرەوە کە فەرمووت بەسەر گەلەکەتدا دەیسەپێنیت.

١٣ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمەتکارانت بەبیر بێتەوە کە بە گیانی خۆت سوێندت بۆیان خوارد و پێت فەرموون، ”نەوەکانتان زۆر دەکەم وەک ئەستێرەکانی ئاسمان و هەموو ئەم خاکەش کە باسم کرد، دەیدەمە نەوەکانتان و دەبێتە موڵکیان بۆ هەتاهەتایە.“»

١٤ئینجا یەزدان پاشگەز بووەوە لەو کارەساتەی فەرمووی، کە ویستی بە گەلەکەی بکات.

١٥موسا ڕووی وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتە خوارەوە، دوو تەختەکەی پەیمانیشی لە دەست بوو، ئەو تەختانەی لە هەردوو ڕووەکەی نووسرابوون، لەم لاو لەو لاوە نووسرابوون.

١٦تەختەکان دەستکردی خودان و نووسینەکەش نووسینی خودایە لەسەر تەختەکان نەخشێنراوە.

١٧کاتێک یەشوع گوێی لە دەنگی گەل بوو کە هاواریان دەکرد، بە موسای گوت: «دەنگی جەنگە لە ئۆردوگاکە!»

١٨ئەویش گوتی: «نە دەنگی هاواری سەرکەوتنە، نە دەنگی هاواری دۆڕاندنە، بەڵکو دەنگی گۆرانییە، ئەوەی گوێم لێیە.»

١٩ئەوە بوو کاتێک لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکە و سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و هەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێدا و لە خوار کێوەکە شکاندنی.

٢٠هەروەها ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هەتا بووە تۆز، بەسەر ئاوەکەدا بەبای کرد و ئاوەکەی بە نەوەی ئیسرائیل خواردەوە.

٢١موسا بە هارونی گوت: «ئەم گەلە چییان لێکردوویت هەتا ئەو گوناهە گەورەیەیان بەسەربهێنیت؟»

٢٢هارونیش گوتی: «با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێت، خۆت دەزانیت چۆن دڵی ئەم گەلە مەیلی خراپەکاری هەیە.

٢٣پێیان گوتم: ”چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، نازانین چی لێهات.“

٢٤منیش پێم گوتن: ”کێ زێڕی پێوەیە با لێی بکاتەوە و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایە ناو ئاگر و ئەم گوێرەکەیەی لێ دەرچوو!»

٢٥موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە هارون بەڕەڵای کردبوون هەتا ببنە گاڵتەجاڕ لەنێو بەرهەڵستکارانیان.

٢٦ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستا و گوتی: «کێ بۆ یەزدانە با بێتە لام.» ئیتر هەموو نەوەی لێڤی لێی کۆبوونەوە.

٢٧ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”با هەریەکە شمشێرەکەی لە لاڕانییەوە ببەستێت، دەروازە بە دەروازە بە ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و بگەڕێنەوە، با هەریەکە بکوژێت، جا برای بێت یان هاوڕێ یان دراوسێ.“»

٢٨نەوەی لێڤیش بەم جۆرەیان کرد، هەروەک موسا گوتی، ئەو ڕۆژە نزیکەی سێ هەزار پیاو لە گەل کەوتن.

٢٩موسا گوتی: «ئەمڕۆ ئێوە تەرخان کراون بۆ یەزدان، لەبەر ئەوەی ئێوە لە دژی کوڕ و براکانتان بوون، ئیتر ئەمڕۆ بەرەکەتداری کردن.»

٣٠ئەوە بوو بۆ بەیانی موسا بە گەلی گوت: «ئێوە گوناهێکی گەورەتان کردووە، بەڵام ئێستا سەردەکەوم بۆ لای یەزدان، بەڵکو کەفارەتی گوناهەکەتان بکەم.»

٣١ئیتر موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «ئای کە ئەم گەلە گوناهێکی گەورەی کرد و خوداوەندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستکرد،

٣٢بەڵام ئێستا لە گوناهیان خۆشبە، ئەگەر نا، لە پەڕتووکەکەی خۆت بمسڕەوە کە نووسیوتە.»

٣٣یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەوەی گوناهی سەبارەت بە من کردبێت لە پەڕتووکی خۆم دەیسڕمەوە.

٣٤ئێستاش بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم گوتیت، فریشتەکەم وا لەپێشت دەڕوات، بەڵام کاتێک ڕۆژی سزادان هات، لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدەم.»

٣٥ئیتر یەزدان گەلی تووشی دەرد کرد لەسەر ئەوەی لەگەڵ گوێرەکەکە کردیان کە هارون دروستی کردبوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.