کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدەرچوون

دەرچوون ٣٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.

٢ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد.

٣چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی.

٤دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.

٥دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.

٦قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بوو.

٧دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد و کردی بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەوە.

٨کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بوون.

٩کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.

١٠مێزەکەیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.

١١بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان لە چواردەوری دروستکرد.

١٢لێوارێکیشیان بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا.

١٣چوار بازنەی زێڕینیشیان بۆ داڕشت، بازنەکانیان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا.

١٤بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.

١٥دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.

١٦قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە شەرابی پێشکەشکراویان پێ دەڕژێنرێت لە زێڕی بێگەرد دروستیان کردن.

١٧چرادانەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەیان لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون.

١٨شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە.

١٩سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون.

٢٠هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو.

٢١هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو.

٢٢گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.

٢٣حەوت چراشیان بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشیان لە زێڕی بێگەرد بوون.

٢٤چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانیان لە تالنتێک زێڕی بێگەرد دروستکرد.

٢٥قوربانگاکەی بخووریشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون.

٢٦بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بە چواردەوردا بۆ دروستکرد.

٢٧دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت.

٢٨دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن.

٢٩زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.