کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدەرچوون

دەرچوون ٤٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدان بە موسای فەرموو:

٢«لە یەکی مانگی یەکەم، چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە هەڵبدە.

٣سندوقی پەیمانی تێدا دابنێ، سندوقەکە بە پەردەکە داپۆشە.

٤مێزەکەش ببە ژوورەوە و بە جوانی ڕێکی بخە، هەروەها چرادانەکەش ببە ژوورەوە و چراکانی بەرز بکەوە.

٥قوربانگا زێڕینەکەش کە بۆ بخوورە لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، پەردەی دەروازە بۆ چادرەکەی پەرستن دابنێ.

٦«قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیش لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دابنێ لەناو چادری پەرستن.

٧حەوزەکەش لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە دابنێ و ئاوی تێبکە.

٨حەوشەکە لە چواردەوری دابنێ و پەردەی دەروازەی حەوشەکەش دابنێ.

٩«زەیتی دەستنیشانکردنەکە ببە و چادرەکەی پەرستن و هەموو ئەوەی تێیدایە پێی دەستنیشان بکە، خۆی و هەموو کەلوپەلەکانی تەرخان بکە و پیرۆز دەبێت.

١٠پاشان قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکەی دەستنیشان بکە، قوربانگاکە تەرخان بکە و دەبێتە هەرەپیرۆز.

١١حەوزەکەش لەگەڵ ژێرەکەی دەستنیشان بکە و تەرخانی بکە.

١٢«هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ.

١٣ئینجا جلوبەرگە پیرۆزەکە لەبەر هارون بکە، دەستنیشانی بکە و تەرخانی بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکات.

١٤کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسەکانیان لەبەر بکە،

١٥دەستنیشانیان بکە هەروەک چۆن باوکیانت دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەبێت هەتا دەستنیشانکردنەکەیان بۆیان ببێتە کاهینیێتی هەتاهەتایی لە نەوەکانیان.»

١٦موساش بەم جۆرەی کرد هەروەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد.

١٧لە یەکی مانگی یەکەمینی ساڵی دووەم چادرەکەی پەرستن هەڵدرا.

١٨موسا چادرەکەی پەرستنی هەڵدا، بنکەکانی دانا و چوارچێوەکانی دانا، کاریتەکانی دانا و کۆڵەکەکانی ڕاگرت.

١٩ڕەشماڵەکەی بەسەر چادری پەرستندا هەڵدا و لە سەرەوە پۆشەری چادرەکەی بەسەریدا دا، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.

٢٠تەختەکانی پەیمانی برد و خستییە ناو سندوقەکە، دارەکانی خستە سەر سندوقەکە و قەپاغی کەفارەتی لەسەر سندوقەکە دانا.

٢١ئینجا سندوقەکەی هێنایە ناو چادرەکەی پەرستن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆزی دانا و سندوقی پەیمانی داپۆشی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

٢٢مێزەکەی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن لە دەرەوەی پەردەکە.

٢٣نانی بەردەم یەزدانیشی بە ڕێکی لەسەری ڕێکخست، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

٢٤چرادانەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا لە بەرامبەر مێزەکە لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن.

٢٥چراکانی بەرزکردەوە بۆ بەردەم یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

٢٦قوربانگا زێڕینەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم پەردەکە دانا و

٢٧بخووری بۆنخۆشی لەسەر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

٢٨پەردەی دەروازەشی بۆ چادرەکەی پەرستن دانا.

٢٩قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لەلای دەرگای چادری چاوپێکەوتن دانا، کە دەکاتە چادری پەرستن، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی سەرخستە سەری، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

٣٠حەوزەکەشی لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەدا دانا و ئاوی تێکرد بۆ شوشتن،

٣١بۆ ئەوەی موسا و هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن.

٣٢لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن و لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگاکە دەیشۆن، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

٣٣حەوشەکەشی لە دەوری چادرەکەی پەرستن و قوربانگاکە دامەزراند و پەردەی دەروازەی حەوشەکەی دانا. ئیتر موسا کارەکەی تەواو کرد.

٣٤ئینجا هەورێک چادری چاوپێکەوتنی داپۆشی و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد.

٣٥لەبەر ئەوە موسا نەیتوانی بچێتە ژوورەوە بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، چونکە هەور هاتە سەری و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد.

٣٦بە درێژایی ماوەی کۆچەکەیان، هەر کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن.

٣٧بەڵام ئەگەر هەورەکە بەرزنەبووایەوە، کۆچیان نەدەکرد هەتا ڕۆژی بەرزبوونەوەی،

٣٨چونکە هەوری یەزدان بە ڕۆژ لەسەر چادرەکەی پەرستن بوو، بە شەویش ئاگری تێدابوو، لەبەرچاوی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە هەموو کۆچەکانیان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.