١دواتر موسا و هارون هاتن و بە فیرعەونیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وا دەفەرموێت: ”بهێڵە گەلەکەم بڕۆن، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی جەژنم بۆ بگێڕن.“»
٢فیرعەونیش گوتی: «یەزدان کێیە هەتا گوێ لە قسەی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یەزدان ناناسم و هەروەها ناهێڵم نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.»
٣ئەوانیش گوتیان: «خودای عیبرانییەکان بەسەری کردینەوە، سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، نەوەک تووشی دەرد یان شمشێرمان بکات.»
٤بەڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گەل لە ئیش دەکەن؟ بڕۆن بەلای بارگرانییەکەتانەوە.»
٥هەروەها فیرعەون گوتی: «ئەوەتا ئێستا گەلی خاکەکە زۆرن و ئێوە لە بارگرانییەکەیان دەیانحەسێننەوە.»
٦هەر لەو ڕۆژە فیرعەون فەرمانی دا بەوانەی بێگاری بە گەل دەکەن و بەوانەش کە سەرکارن و گوتی:
٧«ئیتر وەک پێشتر کا مەدەنە گەل بۆ خشت دروستکردن، با خۆیان بچن و کا بۆ خۆیان کۆبکەنەوە.
٨بەڵام ئەوەندە خشتەی کە پێشتر دروستیان دەکرد با هەر لەسەریان بێت، کەمی مەکەنەوە، چونکە ئەوانە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە هاوار دەکەن: ”بهێڵە با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سەرببڕین.“
٩با کارەکە قورستر بێت لەسەر خەڵکەکە، هەتا پێی سەرقاڵ بن و ئاوڕ لە قسەی درۆ نەدەنەوە.»
١٠ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ،
١١بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“»
١٢ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا.
١٣سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.»
١٤ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»
١٥سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟
١٦کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»
١٧ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“
١٨ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ژمارەی خشتە قوڕەکان وەک جاران بێت.»
١٩سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.»
٢٠کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن.
٢١پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»
٢٢موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟
٢٣لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»