١ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئۆرشەلیم ڕووبەڕووی کارە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە و
٣بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست بە ئۆرشەلیم ئەمە دەفەرموێت: ڕەچەڵەک و لەدایکبوونت لە خاکی کەنعان بوو. باوکت ئەمۆری بوو، دایکیشت حیتی.
٤ئەو ڕۆژەی لەدایک بوویت ناوکت نەبڕاوە، بۆ پاکبوونەوە بە ئاو نەشوشترای، بە خوێ سوێر نەکرایت، قۆنداغ نەکرایت.
٥هیچ چاوێک بە میهرەبانییەوە تەماشای نەکردیت و دڵی پێت نەسووتا هەتا یەکێک لەمانەت بۆ بکات، بەڵکو ئەو ڕۆژەی لەدایک بووی لەبەر بێزلێبوونەوە لە دەشتودەر فڕێدرایت.
٦«”من بەلاتدا تێپەڕیم و بینیم خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت، کە لە خوێنی خۆتدا پاڵکەوتبوویت، پێم فەرموویت: ’بژی!‘
٧وەک ڕووەکی کێڵگە من خزمەتم کردیت بۆ ئەوەی پێ بگەیت، ئیتر گەشەت کرد و گەورە بوویت و گەیشتیت بە تەمەنی هەرزەکاری. مەمکەکانت بناغەیان دانا و مووی لەشت درێژبوو، ئەو کاتە تۆ ڕووتوقووت بوویت.
٨«”دیسان بەلاتدا تێپەڕیم و تۆم بینی، ئەوەتا تەمەنی دڵداریتە. ئینجا دامێنی کراسەکەم بەسەرتدا دا و ڕووتی تۆم داپۆشی و سوێندم بۆت خوارد و پەیمانم لەگەڵتدا بەست، لەبەر ئەوە تۆ بوویتە هی من. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٩«”بە ئاو تۆم شوشت و خوێنەکەتم لێت پاککردەوە، ئینجا بە زەیت چەورم کردیت.
١٠جلێکی نەخشێنراوم لەبەرکردیت و پێڵاوی پێستی مانگای دەریام لە پێ کردیت. کەوایەکی کەتانی ناسکم خستە سەر شانت و بە حەریر تۆم پۆشی.
١١بە خشڵ تۆم ڕازاندەوە، بازنم لە دەستت کرد، ملوانکەم لە مل کردیت،
١٢خەزێمم لە لووتت کرد، گوارەشم لە گوێت کرد و تاجی جوانیم لە سەرت نا.
١٣جا بە زێڕ و زیو خۆتت ڕازاندەوە، کەتانی ناسک و حەریر و قوماشی نەخشێنراو بەرگت بوو. باشترین ئارد و هەنگوین و زەیتت خوارد. زۆر زۆر جوان بوویت، شیاوی ئەوە بوویت ببیتە شاژن.
١٤لەبەر جوانیت ناوبانگت لەنێو نەتەوەکان دەرکرد، چونکە بەهۆی شکۆمەندییەکەم کە پێم بەخشیبوویت جوانییەکەت تەواو بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
١٥«”بەڵام تۆ پشتت بە جوانییەکەت و بە ناوبانگت بەست، لەشفرۆشیت کرد و لەشفرۆشییەکەتت بەسەر هەموو ڕێبوارێکدا ڕشت و جوانییەکەت بووە هی ئەو.
١٦لە جلوبەرگەکەی خۆتت برد و نزرگە ڕازاوەکانی سەر بەرزاییەکانت بۆ خۆت دروستکرد و لەسەری لەشفرۆشیت کرد، شتێک کە نە بووە و نە دەبووایە ببێت.
١٧کەلوپەلی جوانییەکەت لە زێڕ و زیوەکەی من برد کە پێم دایت و لەوان بتی نێرینەت دروستکرد و تۆ لەشفرۆشیت لەگەڵ کردن.
١٨جلە نەخشێنراوەکانی خۆتت برد و ئەوانت پێ داپۆشی و زەیت و بخووری منت لەبەردەمیان دانا.
١٩هەروەها ئەو خواردنەی کە بە تۆم دا، لە باشترین ئارد و زەیت و هەنگوین، تۆ لەبەردەم ئەو بتانە وەک بخووری بۆنخۆش پێشکەشت کرد، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویداوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٢٠«”ئەو کوڕ و کچانەت برد کە بۆ منت ببوو، سەرت بڕین و بۆ بتەکانت کردە قوربانی، وەک خواردن پێشکەشی بتەکانت کردن. ئایا لەشفرۆشییەکەت بەس نەبوو؟
٢١هاتیت و منداڵەکانی منیشت سەربڕی و بە ئاگر سووتاندنت بۆ بتەکان؟
٢٢لە هەموو نەریتە قێزەونەکانت و لەشفرۆشییەکەت، سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، ئەو کاتەی کە ڕووتوقووت بوویت و خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت.
٢٣«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: قوڕبەسەر! قوڕبەسەر تۆ! دوای هەموو خراپەکانت،
٢٤تۆ بۆ خۆت گومەز و نزرگەی بەرزت لە هەموو گۆڕەپانێکدا دروستکرد.
٢٥لەسەر هەموو ڕێگایەک نزرگەی بەرزی خۆتت بنیاد نا و جوانییەکەتت گڵاوکرد، ناوگەڵت بۆ هەموو ڕێبوارێک کردەوە و لەشفرۆشیت زۆر کرد.
٢٦لەگەڵ خەڵکی میسری دراوسێت کە هەوەسبازن لەشفرۆشیت کرد و بە زیادکردنی بەدڕەوشتییەکەت پەستت کردم.
٢٧لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆ ئێوە درێژ کرد و بەشە خاکەکەی تۆم کەم کردەوە و تۆم دایە دەست چاوبرسییەکان، ئەوانەی ڕقیان لێتە، کچانی فەلەستییەکان، کە شەرمیان لە ڕەفتاری تۆ دەکرد.
٢٨بەڵام کە تێر نەبوویت، هاتیت و لەگەڵ ئاشورییەکانیشدا لەشفرۆشیت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تێر نەبوویت.
٢٩سەرەڕای ئەوەش لەشفرۆشییەکەتت هەتا خاکی بازرگانە بابلییەکان فراوان کرد، بەمەش هەر تێر نەبوویت.
٣٠«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: دڵت چەند نەخۆشە، کە هەموو ئەم کارانەت کرد، وەک کردەوەی لەشفرۆشێکی بەڕەڵا.
٣١گومەزی خۆتت لەسەر هەموو ڕێگایەک بنیاد نا، نزرگەی بەرزیشت لە هەموو گۆڕەپانێک، بەڵام تۆ بە پێچەوانەی لەشفرۆشانەوە بوویت، چونکە کرێت ڕەت دەکردەوە.
٣٢«”ئەی ژنی بەدڕەوشت، ئەوەی کە لە جێی مێردەکەی بێگانان دەبات!
٣٣هەموو لەشفرۆشێک کرێ وەردەگرێت، بەڵام تۆ دیاریت دایە هەموو دۆستەکانی خۆت، بەرتیلت دانێ هەتا لە هەموو لایەکەوە بێن و داوێنپیسیت لەگەڵ بکەن.
٣٤جا لە لەشفرۆشییەکەتدا پێچەوانەی لەشفرۆشانی دیکە بوویت، چونکە بەدوای تۆ نەدەکەوتن بۆ لەشفرۆشی، بەڵکو تۆ کرێت دەدا و هیچ کرێیەک بە تۆ نەدەدرا، جا بە پێچەوانەوە بوویت.
٣٥«”جا ئەی لەشفرۆش، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە،
٣٦یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی پەردەی شەرمی خۆتت دادڕی و لە لەشفرۆشییەکەت لەگەڵ دۆستانت ڕووتیت دەرکەوت، هەروەها لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت کەوا خوێنی منداڵەکانت پێشکەش بە ئەوان کرد،
٣٧من هەموو دۆستانت کۆدەکەمەوە ئەوانەی بەچێژ بوویت بۆیان، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆشت ویستن و هەموو ئەوانەی ڕقت لێیان بوو، هەموویان لەسەرت کۆدەکەمەوە و ڕووتیت بۆیان دەردەخەم، هەتا تەماشای هەموو ڕووتییەکەت بکەن.
٣٨من حوکمی ژنە داوێنپیسەکان و خوێنڕێژەکانت بەسەردا دەدەم و خوێنی تووڕەیی تۆڵەسێنەر و دڵگەرمی هەڵچوونی خۆمتان بەسەردا دەهێنم.
٣٩دەتدەمە دەستی دۆستەکانت، ئینجا گومەز و نزرگە بەرزەکانت دەڕووخێنن و جلەکانت لەبەر دادەکەنن. کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکەت دەبەن و بە ڕووتوقووتی جێت دەهێڵن.
٤٠چەتە دەهێننە سەرت و بەردبارانت دەکەن و بە شمشێرەکانیان لەتوپەتت دەکەن.
٤١خانووەکانت بە ئاگر دەسووتێنن و لەبەرچاوی زۆر ئافرەتان سزات دەدەن، لە لەشفرۆشی ڕات دەگرم و چیتر کرێ نادەیتە دۆستەکانت.
٤٢دوای ئەوە تووڕەیی خۆم لەسەرت هێور دەکەمەوە، جا ئیرەییم لەسەرت نامێنێت و هێمن دەبمەوە و چیتر تووڕە نابم.
٤٣«”لەبەر ئەوەی سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، بەڵکو بە هەموو ئەمانە تووڕەت کردم، جا منیش بێگومان کردەوەکانت بەسەر خۆتدا دەهێنمەوە. ئایا لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکانت بێ شەرمیت نەکردووە؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٤٤«”هەموو ئەوانەی بە پەند دەدوێن، لەبارەی تۆوە پەندێک دەهێننەوە و دەڵێن: ’دایک چۆن بێت کچیش وایە.‘
٤٥تۆ کچی دایکی خۆتیت کە ڕقی لە مێرد و منداڵەکانییەتی، هەروەها تۆ خوشکی خوشکەکانی خۆتیت کە ڕقیان لە مێرد و منداڵەکانی خۆیان بوو. دایکت حیتی بوو و باوکت ئەمۆری.
٤٦خوشکە گەورەکەت سامیرە بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باکوورت نیشتەجێ بوو، خوشکە بچووکەکەشت سەدۆم بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باشوورت نیشتەجێ بوو.
٤٧تۆ بە ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتیت و وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەوانت کرد، بەڵام وەک ئەوەی تەنها ئەوەندە کەم بێت، جا لە هەموو کارەکانت زووتر لەوان گەندەڵتر بوویت.
٤٨یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سەدۆمی خوشکت و کچەکانی هەرگیز وەک تۆ و کچەکانی تۆیان نەکرد.
٤٩«”ئەمە تاوانی سەدۆمی خوشکت بوو: خۆی و کچەکانی لووتبەرز، زۆرخۆر، بێ خەم و کەمتەرخەم بوون، یارمەتی هەژار و نەداریان نەدەدا.
٥٠جا لە خۆیان بایی بوون و کارە قێزەونەکانیان لەبەردەمم ئەنجام دا، لەبەر ئەوە منیش هەروەک بینیت، ئەوانم داماڵی.
٥١سامیرەش بە نیوەی گوناهەکانی تۆ گوناهی نەکرد، بەڵکو لەوان زیاتر کاری قێزەونت کرد و بە هەموو ئەو گڵاوییانەی کە کردت وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
٥٢ئەی ئەوەی خەریک بووی خوشکەکانت بێتاوان بکەیت، تۆش بەرگەی ئابڕووچوون بگرە. بە گوناهەکانت کە زیاتر لەوان پێیان گڵاو بوویت، خوشکەکانت لە تۆ ڕاستودروستترن، هەروەها شەرمەزاربە و دەست بە ئابڕووی خۆتەوە بگرە، چونکە وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
٥٣«”لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپێچکراوان و بەختیاری سەدۆم و سامیرە و کچەکانیان دەگەڕێنمەوە، هەروەها ڕاپێچکراوان و بەختیاری تۆش لەنێو ئەواندا دەگەڕێنمەوە،
٥٤بۆ ئەوەی بەرگەی ئابڕووچوونت بگریت و شەرمەزار بیت لە هەموو ئەوەی کردت کە دڵنەوایی ئەوانت کرد.
٥٥خوشکەکانت، سەدۆم و کچەکانی و سامیرە و کچەکانی دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. تۆ و کچەکانیشت دەگەڕێنەوە دۆخی جارانتان.
٥٦لە ڕۆژی فیزلێدانت بە دەمتدا نەدەهات باسی سەدۆمی خوشکت بکەیت،
٥٧بەر لە ئاشکرابوونی خراپەکاریت، وەک لە سەردەمی ڕیسوایی کچانی ئەدۆم و هەموو ئەوانەی دەوروبەری، کچانی فەلەستییەکان ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە سووکایەتیت پێ دەکەن.
٥٨خۆت ئەنجامی بێ شەرمی و نەریتە قێزەونەکانت دەگریتە ئەستۆ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٥٩«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە شایستەی ڕەفتارەکەت هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم، لەبەر ئەوەی بە شکاندنی پەیمانەکەم سووکایەتیت بە سوێندی من کرد.
٦٠بەڵام من پەیمانەکەی خۆمت بەبیر دەهێنمەوە کە لە سەردەمی لاویێتیت لەگەڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش پەیمانێکی هەتاهەتاییت لەگەڵ دەبەستم.
٦١ئینجا کردەوەکانی خۆت بیردەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت کاتێک خوشکە گەورەکانت و خوشکە بچووکەکانت وەردەگریت، دەیانکەم بە کچی تۆ، بەڵام نەک بەگوێرەی پەیمانەکەی من لەگەڵ تۆ.
٦٢بەم جۆرە من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆدا دەبەستم، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
٦٣ئەو کاتەی کەفارەت بۆ هەموو کردەوەکانت دەکەم، ئینجا بیرت دەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت، ئیتر لەبەر شەرمەزارییەکەت هەرگیز دەمت ناکەیتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»