کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و

٢بڵێ: «”دایکت چ شێرێک بوو لەناو شێران! لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد.

٣یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند، بوو بە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد.

٤کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست، چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان، بۆ خاکی میسر بە تەوق هێنایان.

٥«”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی، ئیتر ئومێد بڕ بوو، هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و کردی بە شێرێکی بە توانا.

٦لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ، چونکە بووە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد.

٧قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و شارۆچکەکانی کاول کردن، خاکەکە و هەرچی تێیدایە لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین.

٨نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری لە دژی کۆبوونەوە. تۆڕیان هەڵدایە سەری، ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە.

٩بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە، هێنایانە لای پاشای بابل. بردیانە ناو زیندان، تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل نەڕەی نەبیسترێت.

١٠«”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا، کە لەدەم ئاو چێنرا. لەبەر زۆری ئاو، چڕ و بەردار بوو.

١١لقی بەهێزی هەبوو، کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان. باڵای کرد و هەڵکشا بەناو لقە پڕگەڵاکاندا، لە بەرزی و زۆری چڵەکانی دەرکەوت و بینرا.

١٢بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و فڕێدرایە سەر زەوی. بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد، بەرەکەی هەڵوەراند، لقە بەهێزەکانی وشک بوون و ئاگر هەڵیانیلووشی.

١٣ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە، لە خاکێکی وشک و تینوودا.

١٤لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی. ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“ ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.