کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٣٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە یەکی مانگی دوازدەی ساڵی دوازدەمین فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ فیرعەونی پاشای میسر بگێڕە و پێی بڵێ: «”لە شێری نێو نەتەوەکان دەچیت، تۆ وەک تیمساحی ناو ڕووبارە گەورەکەیت، دڕ بە چەمەکانت دەدەیت، بە پێیەکانت ئاوەکەت شڵەقاند و چەمەکانی ئەوانت لێڵ کرد.

٣«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”تۆڕی خۆم بەسەرتدا هەڵدەدەم لەگەڵ چەندین گەل، ئەوان ڕاتدەکێشنە ناو تۆڕەکەم.

٤لەسەر زەوی بەجێت دەهێڵم، لەسەر ڕووی دەشتودەر فڕێتدەدەم، هەموو باڵندەی ئاسمان لەسەرت دەنیشێنمەوە، هەموو گیانلەبەرانی زەویت پێ تێر دەکەم.

٥گۆشتت بەسەر چیاکاندا بڵاو دەکەمەوە و دۆڵەکان لە کەلاکت پڕ دەکەم.

٦خاک بە لافاوی خوێنت ئاو دەدەم هەتا چیاکان، شیوەکانیش لە تۆ پڕ دەبن.

٧کە تۆ دەکوژێنمەوە، ئاسمان دادەپۆشم، ئەستێرەکانی تاریک دەکەم. بە هەور خۆر دادەپۆشم و مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.

٨هەموو ڕووناکییەکانی ئاسمانت لێ تاریک دەکەم، تاریکی بەسەر خاکەکەتدا دەهێنم.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

٩«”گەلانێکی زۆر خەمبار دەکەم، کاتێک لەنێو نەتەوەکان دەتشکێنم، لەو خاکانەی ئاشنایان نەبوویت.

١٠وا لە گەلانێکی زۆر دەکەم واقیان لێت وڕبمێنێت، لەبەر تۆ پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت، کاتێک شمشێرەکەم لەبەردەمیان ڕادەوەشێنم. لەو ڕۆژەی تۆ دەکەویت، هەموو ساتێک دەلەرزن و لە گیانی خۆیان دەترسن.

١١«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”شمشێری پاشای بابل دێتە سەرت.

١٢وا دەکەم بە شمشێری پاڵەوانان، ئەوانەی دڕندەترینی هەموو نەتەوەکانن ئاپۆرەی سوپاکەت بکەوێت. جا شانازی میسر دەشکێنم، هەموو ئاپۆرەی جەماوەرەکەی لەناودەچێت.

١٣هەموو مەڕوماڵاتەکانی لەناودەبەم لەلای ئاوە زۆرەکان، لەمەودوا نە پێی مرۆڤ دەیشڵەقێنێت و نە سمی گاوگۆتاڵ لێڵی دەکات.

١٤ئینجا وا دەکەم ئاوەکەی ڕوون بێت و جۆگەکانی وەک زەیت بڕۆن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

١٥کاتێک خاکی میسر وێران دەکەم و لە هەرچی تێیدایە چۆڵی دەکەم، کاتێک لە هەموو دانیشتووانەکەی دەدەم، ئینجا دەزانن کە من یەزدانم.“

١٦«ئەمە شیوەنێکە دەیگێڕن، کچانی نەتەوەکان ئەم شیوەنە دەگێڕن، بۆ میسر و بۆ هەموو ئاپۆرەی گەلەکەی دەیگێڕن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

١٧پازدەی مانگی یەکی ساڵی دوازدەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

١٨«ئەی کوڕی مرۆڤ، واوەیلا بۆ ئاپۆرەی گەلی میسر بکە، بۆ ئەو و کچانی نەتەوە گەورەکان، بیاننێرە بۆ دنیای خوارەوە لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.

١٩پێیان بڵێ: ”ئایا ئێوە لەوان جوانترن؟ بڕۆن و لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن.“

٢٠لە ناوەڕاستی کوژراوان بە شمشێر دەکەون، شمشێرەکە ئامادەیە؛ میسر دەگرن و لەگەڵ هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی دەیبەن.

٢١ڕابەرە پاڵەوانەکان لە ناوەڕاستی جیهانی مردووان سەبارەت بە میسر و هاوپەیمانەکانی دەڵێن: ”ئەوانە هاتوون لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.“

٢٢«پاشای ئاشور و هەموو سوپاکەی لەوێ کەوتوون، گۆڕەکانیان لەو چواردەورەن، هەموو ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.

٢٣لە ژێرەوەی جیهانی مردووان گۆڕی سوپاکە لە چواردەوری گۆڕی پاشاکەیە، هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان، بە شمشێر کوژراون.

٢٤«پاشای ئیلام لەوێیە، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەی ئەون. هەموویان کوژراون، بە شمشێر کەوتوون. هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان بە خەتەنەنەکراوی چوونە دنیای خوارەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان ئابڕوویان چوو.

٢٥لەنێو کوژراوان جێگایەکیان پێیدا، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەین. هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لەنێو کوژراوان ڕاکشاون.

٢٦«پاشای مەشەک و پاشای توبال لەوێن، هەموو سوپاکەیان لە دەوری گۆڕەکانیانن. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون.

٢٧ئایا لەگەڵ پاڵەوانانی دیکەی خەتەنەنەکراو کە کوژراون پاڵناخرێن، ئەوانەی بە چەکە جەنگییەکانیانەوە لە گۆڕ نران، ئەوانەی شمشێرەکانیان لەژێر سەریان دانراوە؟ سزای تاوانەکانیان لەسەر ئێسکیان دەبێت، ئەوانەی لە خاکی زیندووان پاڵەوانەکانیان تۆقاندووە.

٢٨«تۆش، ئەی فیرعەون، لەنێو خەتەنەنەکراوان دەشکێیت و ڕادەکشێیت، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.

٢٩«پاشای ئەدۆمیش لەگەڵ هەموو میرەکانی لەوێن، ئەوانەی وێڕای بەتواناییان لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون لە گۆڕ نران، دەچنە نێو جیهانی مردووان.

٣٠«میرانی باکوور هەموویان و هەموو سەیدائییەکان لەوێن. هەرچەندە لە ڕابردوودا بە تواناکەیان خەڵکیان تۆقاندووە، بەڵام بە ئابڕووچوونەوە لەگەڵ کوژراوان ئەسپەردە کراون، بە خەتەنەنەکراوی لەگەڵ کوژراوان بە شمشێر ڕاکشان و ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی لە گۆڕ نران.

٣١«فیرعەون و هەموو سوپاکەی سەبوورییان دێتەوە، کاتێک هەموو ئەوانە دەبینن کە بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

٣٢هەرچەندە ترسی ئەوم خستە خاکی زیندووان، بەڵام فیرعەون و هەموو سوپاکەی لەنێو خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.