کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٣٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟

٣ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن.

٤لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند.

٥جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون.

٦مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.

٧«”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:

٨یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند،

٩ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:

١٠یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.

١١«”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە،

١٢وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون.

١٣لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم.

١٤لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن.

١٥من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،

١٦بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانایەتییان دەکەم.

١٧«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان.

١٨ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن

١٩هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟

٢٠«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم.

٢١لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن،

٢٢من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم.

٢٣یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی.

٢٤من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

٢٥«”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون.

٢٦ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت.

٢٧درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.

٢٨لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت.

٢٩نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان.

٣٠ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

٣١ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.