کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٣٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک.

٢منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو.

٣لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟» منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»

٤پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:

٥یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە.

٦دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

٧منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی.

٨سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.

٩ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“»

١٠منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.

١١ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“

١٢لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل.

١٣ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم.

١٤ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»

١٥فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

١٦«ئەی کوڕی مرۆڤ، داردەستێک ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یەهودا و نەوەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ هەروەها داردەستێکی دیکەش ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یوسف، واتا داردەستی ئەفرایم و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“

١٧بۆ ئەوەی لەناو دەستت ببن بە یەک، لێکیان نزیک بکەوە وەک ئەوەی یەک داردەست بن.

١٨«کاتێک هاونیشتیمانیانت لێت دەپرسن: ”پێمان ناڵێیت مەبەستت چییە لەمە؟“

١٩پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من داردەستەکەی یوسف و هۆزەکانی ئیسرائیل کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە، کە ئێستا لە دەستی ئەفرایمە، دەبەم و داردەستەکەی یەهوداش دەخەمە پاڵی و دەیانکەمە یەک، جا لە دەستمدا دەبنە یەک داردەست.“

٢٠ئەو دوو داردەستەی کە لەسەریانت نووسیوە لەبەرچاوی ئەوان هەڵبگرە.

٢١پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من نەوەی ئیسرائیل دەردەهێنم لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان چوون. لە هەموو لایەکەوە کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکەکەی خۆیان.

٢٢لەناو خاکەکە لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەیانکەمە یەک گەل. تەنها یەک پاشا پاشایەتی بەسەر هەموویانەوە دەکات، چیتر نابنە دوو گەل و دابەش نابن بۆ دوو پاشایەتی.

٢٣لەمەودوا بە بتەکانیان و بە وێنە قێزەونەکانیان و بە هیچ یاخیبوونێکیان گڵاو نابن، چونکە من لە هەموو گوناهەکانیان و هەڵگەڕانەوەکانیان ڕزگاریان دەکەم و پاکیان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەبن بە گەلی من، منیش دەبم بە خودای ئەوان.

٢٤«”داودی بەندەشم دەبێتە پاشایان، بە هەموویان یەک شوانیان دەبێت، ئەوانیش ڕێگای حوکمەکانم پەیڕەو دەکەن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن و کاریان پێ دەکەن.

٢٥لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان.

٢٦پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم کە بۆیان دەبێتە پەیمانێکی هەتاهەتایی. جێگیریان دەکەم و ژمارەیان زۆر دەکەم، بۆ هەتاهەتایە پیرۆزگای خۆم لە ناوەڕاستیان دادەنێم.

٢٧نشینگەکەم لەناویان دەبێت، من دەبم بە خودای ئەوان، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.

٢٨جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانی پیرۆزکەری ئیسرائیلم، کە پیرۆزگاکەم بۆ هەتاهەتایە لە ناوەڕاستیاندا دەبێت.“»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.