١ئینجا پیاوەکە منی هێنایەوە بۆ ڕێگای دەروازەی دەرەوەی پیرۆزگا کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو، دەرگاکانی داخرا بوون.
٢یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم دەروازەیە بە داخراوی دەمێنێتەوە، ناکرێتەوە و کەس پێیدا ناچێتە ژوورەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدا چووە ژوورەوە، جا داخراو دەبێت.
٣تەنها میری فەرمانڕەوا خۆی تێیدا دادەنیشێت بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان نان بخوات. لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ژوورەوە و لە هەمان ڕێگاوە دەچێتە دەرەوە.»
٤ئینجا پیاوەکە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی هێنایە بەردەم پیرۆزگاکە، منیش تەماشام کرد ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم.
٥یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوت ببینە، هەموو ئەوەی دەیفەرمووم بە گوێیەکانت بیبیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو فەرزەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو فێرکردنەکانی. هەروەها مێشکت بخەرە سەر شوێنی چوونە ژوورەوەی پەرستگاکە و سەر هەموو شوێنەکانی چوونە دەرەوەی پیرۆزگاکە.
٦بە یاخیبووەکان، بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە هەموو ئەو نەریتە قێزەونانەی خۆتان بەسە.
٧سەرەڕای ئەوەش بێگانە بە دڵ و لەش خەتەنەنەکراوەکانتان هێنایە ناو پیرۆزگای من، بۆ ئەوەی لەناو پەرستگای مندا بن و پیسی بکەن، ئەو کاتەی کە پیو و خوێن دەکرێنە قوربانی و وەک خواردن پێشکەش بە من دەکرێن. بەو هەموو نەریتە قێزەونانەتان پەیمانی منتان شکاند.
٨ئەرکی خۆتان بۆ شتە پیرۆزکراوەکانی من بەجێنەگەیاند، بەڵکو کەسانی دیکەتان دانا لە جێی خۆتان بۆ پارێزگاریکردنی پیرۆزگاکەم.
٩یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: نابێت هیچ بێگانەیەکی دڵ و لەش خەتەنەنەکراو بێتە ناو پیرۆزگای من، تەنانەت ئەوانەی کە لەنێو ئیسرائیلییەکانیشدا نیشتەجێن.
١٠«”بەڵکو لێڤییەکان کە لە من دوور کەوتنەوە کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕابوون، لە سایەی بتەکانیانەوە ئەوانیش گومڕا بوون، تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەگرن.
١١لە پیرۆزگاکەم دەبن بە خزمەتکار و بە پاسەوانی دەروازەکانی پەرستگا و خزمەتکارانی پەرستگا. ئەوان قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو بۆ گەل سەردەبڕن و ئەوان لەبەردەمیان ڕادەوەستن بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەن.
١٢بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم بتەکانیان خزمەتی گەلیان کرد و بوون بە کۆسپی تاوانکاری بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوە سوێندم خواردووە کە تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
١٣لە من نزیک نابنەوە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن و لە هیچ یەکێک لە شتە پیرۆزکراوەکانم یان پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکانم نزیک نابنەوە، بەڵکو دەبێت شەرمەزاری نەریتە قێزەونەکانیان هەڵبگرن.
١٤لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاریێتی پارێزگاری پەرستگا بۆ هەموو خزمەتێک و بۆ هەموو ئەوەی تێیدا دەکرێت دەدەم بە ئەوان.
١٥«”بەڵام کاهینە لێڤییەکانی نەوەی سادۆق، ئەوانەی بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پارێزگاری پیرۆزگاکەی منیان لە ئەستۆ گرت، کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە من گومڕابوون، ئەوان لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم و لەبەردەمم ڕادەوەستن هەتا پیو و خوێن بۆ من بکەن بە قوربانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
١٦ئەوانە دێنە ناو پیرۆزگاکەم و لە مێزەکەم نزیک دەکەونەوە بۆ ئەوەی خزمەتم بکەن و پارێزگاری لە نەریتەکەم بکەن.
١٧«”کاتێک دێنە ناو دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە، جلی کەتان لەبەر دەکەن، لە کاتی خزمەتکردن لە دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە لەناو پەرستگاکە نابێت جلی خورییان لەبەردا بێت.
١٨با مێزەری کەتان بەسەریانەوە بێت و دەرپێی کەتان لەبەر بکەن، شتێک بە ناوقەدیانەوە نەبەستن کە ئارەقەی پێ بکەن.
١٩کاتێک دەچن بۆ لای گەل لە خانەکانی دەرەوە، جلی خزمەتکردن دادەکەنن و لە ژوورە تەرخانکراوەکان دایدەنێن، ئینجا جلی دیکە لەبەر دەکەن نەوەک گەل دەستیان بەر جلە تەرخانکراوەکانیان بکەوێت.
٢٠«”پرچی سەریان نە بە موس دەتاشن و نە دەیهێڵنەوە، بەڵکو بە ڕێکوپێکی کورتی دەکەنەوە.
٢١کاهین کە چووە ناو حەوشەکەی ناوەوە نابێت شەراب بخواتەوە.
٢٢نابێت بێوەژن و ژنی تەڵاقدراو بهێنن، بەڵکو دەبێت کچی پاکیزە لە نەوەی ئیسرائیل یان بێوەژنی کاهینێک بهێنن.
٢٣جیاوازی نێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو، گڵاو و پاک بە گەلەکەم پیشان دەدەن و فێریان دەکەن.
٢٤«”لە ناکۆکیدا ئەوان دەبن بە ناوبژیوان و بەپێی حوکمەکانم حوکم دەدەن، لە جەژنەکان فێرکردن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن، هەروەها شەممەکانم پیرۆز ڕادەگرن.
٢٥«”کاهین لە مرۆڤی مردوو نزیک نابێتەوە نەوەک گڵاو بێت. بەڵام ئەگەر مردووەکە باوک یان دایک یان کوڕ یان کچ یان براکەی بێت، یان خوشکەکەی کە شووی نەکردبێت، ئەوا دەتوانێت خۆی گڵاو بکات.
٢٦پاش پاکبوونەوەی حەوت ڕۆژی بۆ دەژمێرن.
٢٧لە ڕۆژی چوونە ناو پیرۆزگاوە بۆ ناو حەوشەکەی ناوەوە، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگا خزمەت بکات، قوربانییەکەی گوناهی پێشکەش دەکات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٢٨«”هیچ میراتێک بۆ کاهین نابێت بێجگە لە من، لە ئیسرائیل هیچ موڵکیان نادەنێ، من موڵکی ئەوان دەبم.
٢٩پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و هەموو ئەوەی لە ئیسرائیلدا کە بۆ یەزدان تەرخانکراوە بۆ ئەوانە.
٣٠لە هەموو یەکەمین بەرهەم و پیتاکە پیرۆزەکان، باشترینیان بۆ کاهین دەبن. هەروەها یەکەم هەویرتان بە کاهینەکان دەدەن، بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە ماڵتان.
٣١کاهینەکان نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیر دەخۆن، نە باڵندە و نە ئاژەڵ.