کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٤٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئەمانەش هۆزەکانن، کە بەم شێوە بەپێی ناوەکانیان ڕێکخران: «لەلای سنووری باکوور، یەک بەش بۆ دان دەبێت، بەلای ڕێگای حەتلۆن هەتا دەروازەی حەمات؛ حەچەر عێینان و سنووری باکووری دیمەشق بەلای حەمات بەشێک لە سنووری دان دەبن، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا.

٢لەسەر سنووری دان، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئاشێر بەشێک دەبێت.

٣لەسەر سنووری ئاشێر، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ نەفتالی بەشێک دەبێت.

٤لەسەر سنووری نەفتالی، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ مەنەشە بەشێک دەبێت.

٥لەسەر سنووری مەنەشە، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئەفرایم بەشێک دەبێت.

٦لەسەر سنووری ئەفرایم لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ڕەئوبێن بەشێک دەبێت.

٧لەسەر سنووری ڕەئوبێن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەهودا بەشێک دەبێت.

٨«لەسەر سنووری یەهودا لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا ئەو دیارییە تایبەت دەبێت کە پێشکەشی دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ بە پانی و درێژییەکەشی وەک یەکێک لە بەشی هۆزەکان لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا، پیرۆزگاش لە ناوەڕاستی دەبێت.

٩«ئەو بەشەش کە بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی و دە هەزار باڵیش پانی دەبێت.

١٠ئەمە دەبێتە بەشی تەرخانکراوی کاهینەکان: لەلای باکوورەوە بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و لەلای ڕۆژئاواشەوە دە هەزار باڵ بە پانی و لای ڕۆژهەڵاتیش دە هەزار باڵ بە پانی و لەلای باشووریش بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی دەبێت، پیرۆزگای یەزدانیش لە ناوەڕاستیدا دەبێت.

١١ئەم بەشە بۆ کاهینە تەرخانکراوەکان لە نەوەی سادۆق دەبێت، بۆ ئەوانەی ئەرکەکانی منیان بەجێهێنا، ئەوانەی گومڕا نەبوون کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕا بوون هەروەک چۆن لێڤییەکان گومڕا بوون.

١٢ئەمە بۆیان دەبێت بە دیارییەکی تایبەت لە بەشە تەرخانکراوی زەوییەکە، بەشێکی زۆر پیرۆز لەتەنیشت سنووری لێڤییەکان.

١٣«بەشە زەوی لێڤییەکانیش بە تەریبی سنووری زەوی کاهینەکان دەبێت، بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و دە هەزاریش بە پانی، هەموو درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانییەکەشی دە هەزار باڵ دەبێت.

١٤نە لێی دەفرۆشن و نە دەیگۆڕن و نە یەکەم بەری زەوییەکە بە کەسی دیکە دەدەن، چونکە تەرخانکراوە بۆ یەزدان.

١٥«ئەو زەوییەی ماوەتەوە کە پانییەکەی پێنج هەزار باڵ و درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵە بۆ هەموو دانیشتووانی شارەکە دەبێت بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگا، شارەکەش لە ناوەڕاستیدا دەبێت.

١٦ئەمەش پێوانەکانییەتی، لای باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای باشوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژهەڵات چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژئاوا چوار هەزار و پێنج سەد باڵ.

١٧بۆ شارەکەش لەوەڕگا دەبێت بەرەو باکوور دوو سەد و پەنجا باڵ، بەرەو باشوور دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژهەڵات دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژئاوا دوو سەد و پەنجا باڵ.

١٨ئەوەی لە درێژییەکە دەمێنێتەوە تەریب بە بەشە تەرخانکراوەکە، دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژهەڵات و دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژئاوا، بەروبوومەکەی دەبێت بە خواردن بۆ کرێکارانی شارەکە.

١٩کرێکارەکانی شارەکەش کە لە زەوییەکە کار دەکەن، لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل دەبن.

٢٠هەموو بەشەکە چوارگۆشەیی دەبێت، ئەندازەی هەر لایەکی بیست و پێنج هەزار باڵە. بەشە تەرخانکراوەکە لەگەڵ موڵکی شارەکە تەرخان دەکەن.

٢١«ئەوەی دەمێنێتەوە لەم لا و لەو لای بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکەش بۆ میر دەبێت. سنووری زەوی میرەکە بەرەو ڕۆژهەڵات لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەی بەشە تەرخانکراوەکەوە هەتا سنووری ڕۆژهەڵات دەبێت، بەرەو ڕۆژئاواش لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست. هەردوو ناوچەکەی تەریب بە بەشی هۆزەکان موڵکی میر دەبن، بەشە تەرخانکراوەکەش لەگەڵ پیرۆزگای پەرستگاکەش لە ناوەڕاستیان دەبێت.

٢٢ئیتر موڵکی لێڤییەکان و موڵکی شارەکەش لە ناوەڕاستی بەشی میرەکە دەبن. بەشی میرەکە لەنێوان سنووری یەهودا و سنووری بنیامین دەبێت.

٢٣«سەبارەت بە ئەو هۆزانەش کە ماونەتەوە: «لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ بنیامین بەشێک دەبێت:

٢٤لەسەر سنووری بنیامین لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ شیمۆن بەشێک دەبێت.

٢٥لەسەر سنووری شیمۆن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەساخار بەشێک دەبێت.

٢٦لەسەر سنووری یەساخار لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ زەبولون بەشێک دەبێت.

٢٧لەسەر سنووری زەبولون لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ گاد بەشێک دەبێت.

٢٨سنووری گاد لەلای باشوور بەرەو باشوور دەبێت، سنوورەکەش لە تامارەوە بۆ مێرگی مەریبای قادێش، لە دۆڵی میسرەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست.

٢٩«ئەمە ئەو خاکەیە کە بە میرات بەسەر هۆزەکانی ئیسرائیلدا دابەشی دەکەن و ئەمەش بەشەکانیان دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

٣٠«ئەمانەش دەروازەی چوونە دەرەوەن بۆ شارەکە: «ئەندازەی لایەکی شارەکە ڕووەو باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵە،

٣١دەروازەکانی شارەکەش بە ناوی هۆزەکانی ئیسرائیلەوە دەبن، سێ دەروازە ڕووەو باکوور، دەروازەی ڕەئوبێن و دەروازەی یەهودا و دەروازەی لێڤی.

٣٢لەلای ڕۆژهەڵاتیش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی یوسف، دەروازەی بنیامین و دەروازەی دان.

٣٣لای باشووریش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی شیمۆن، دەروازەی یەساخار و دەروازەی زەبولون.

٣٤لای ڕۆژئاواش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی گاد، دەروازەی ئاشێر و دەروازەی نەفتالی.

٣٥«چێوەکەش هەژدە هەزار باڵ دەبێت. «ناوی شارەکەش لەو ڕۆژەوە دەبێتە: یەزدان لەوێیە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.