١هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
٢«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە چیاکانی ئیسرائیل بکە و پێشبینی لە دژی بکە.
٣بڵێ: ”ئەی چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن. یەزدانی باڵادەست بە چیاکان و بە گردەکان، بە شیوەکان و بە دۆڵەکان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم شمشێرێکتان بەسەردا دەهێنم و نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانتان لەناودەبەم.
٤جا قوربانگاکانتان وێران دەبن و قوربانگاکانی بخوورتان دەشکێن و کوژراوەکانتان فڕێدەدەمە بەردەم بتەکانتان.
٥لاشەکانی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم بتەکانیان دادەنێم و ئێسکەکانتان لە دەوری قوربانگاکانتان بڵاو دەکەمەوە.
٦لە هەموو نشینگەکانتان شارۆچکەکان چۆڵ دەبن، نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان کاول دەبن بۆ ئەوەی قوربانگاکانتان چۆڵ و وێران بن، بتەکانیشتان دەشکێن و نامێنن، قوربانگاکانی خۆرتان دەبڕێنەوە، دروستکراوەکانتان دەسڕێنەوە.
٧خەڵکانێک لەنێوتان دەکوژرێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
٨«”لەگەڵ ئەوەشدا پاشماوەتان لێ دەهێڵمەوە، کاتێک لەنێو خاک و نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەبن و لە شمشێر دەرباز دەبن.
٩دەربازبووانی ئەوان لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆیان ڕاپێچ کرابوون یادم دەکەنەوە و دێتەوە یادیان کە چۆن بەهۆی دڵە سۆزانییەکەیان و چاویان کە ئارەزووی بتیان دەکرد و بەهۆی بێوەفاییان بەرامبەر بە من دڵیان شکاندم. ئەو کاتە ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە لەبەر ئەو خراپەی کردوویانە و لەبەر هەموو نەریتە قێزەونەکانیان.
١٠ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، لەخۆڕایی نەمفەرموو کە ئەم کارەساتەیان بەسەردا دەهێنم.
١١«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە دەستت لێ بدە و بە پێیەکانت بکوتە و بڵێ، ’ئای بە داخەوە!‘ لەبەر هەموو ئەو نەریتە خراپ و قێزەونانەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەمرن.
١٢ئەوەی دوورە بە دەرد دەمرێت و ئەوەی نزیکە بە شمشێر دەکوژرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە و پارێزراوە بە قاتوقڕی دەمرێت. جا تووڕەییم بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
١٣ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک کوژراوەکانیان لەنێو بتەکانیان لە چواردەوری قوربانگاکانیان دەکەون، لەسەر هەموو گردێکی بەرز، لەسەر لووتکەی هەموو چیاکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوز و دار بەڕووێکی گەڵادار، لە هەر شوێنێک بخووری بۆنخۆشیان پێشکەش بە بتەکانیان دەکرد.
١٤دەستم بۆیان درێژ دەکەم و خاکەکە چۆڵ و کاول دەکەم، لە چۆڵەوانییەوە هەتا دیڤلە، لە هەموو نشینگەکانیان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»