کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزحزقیێل

حزقیێل ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.»

٢شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لە ناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.

٣شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو،

٤یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێبپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»

٥ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو: «بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن. نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ.

٦پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن، بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە. لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.» ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون.

٧پێی فەرموون: «ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو! بڕۆنە دەرەوە!» جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد.

٨لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە، منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم: «ئای! ئەی یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟»

٩پێی فەرمووم: «تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن، شار پڕ بووە لە گەندەڵی، چونکە دەڵێن: ”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“

١٠لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.»

١١ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، هەواڵی هێنایەوە و گوتی: «وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم، جێبەجێم کرد!»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.