کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزعەزرا

عەزرا ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک دوژمنەکانی یەهودا و بنیامین بیستیانەوە ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە پەرستگایەکیان بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد دەنایەوە،

٢هاتن بۆ لای زروبابل و گەورەی بنەماڵەکان و پێیان گوتن: «با لەگەڵتان بنیاد بنێین، چونکە ئێمەش وەک ئێوەین و داوا لە خوداکەتان دەکەین، لە ماوەی پاشایەتی ئێسەرحەدۆنی پاشای ئاشورەوە ئێمەی بۆ ئێرە هێناوە، قوربانیمان سەربڕیوە.»

٣بەڵام زروبابل و یەشوع و پاشماوەی گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل وەڵامیان دانەوە: «بۆتان نییە لەگەڵ ئێمە پەرستگای خودامان بنیاد بنێنەوە، بەڵکو ئێمە بە تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی بنیادی دەنێین، بەو شێوەیەی کۆرشی پاشا، پاشای فارس فەرمانی پێ کردووین.»

٤جا گەلانی خاکەکە دەستی گەلی یەهودایان شل دەکردەوە و لە بیناکردنەکە دەیانترساندن،

٥چەند ڕاوێژکارێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکەیان بە کرێ گرت، بە درێژایی سەردەمی کۆرشی پاشای فارس هەتا پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.

٦لە سەرەتای پاشایەتی ئەحەشوێرۆش، سکاڵانامەیەکیان لە دژی دانیشتووانی یەهودا و ئۆرشەلیم نووسی.

٧هەروەها لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، بیشلام و میترەدات و تاڤئێل و سەرجەم یاوەرەکانیان نامەیەکیان بۆ ئەرتەحشەستەی نووسی، نامەکەش بە پیت و زمانی ئارامی نووسرا.

٨ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی نامەیەکیان لە دژی ئۆرشەلیم بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا بەم شێوە نووسی:

٩ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان، کە لە دادوەر و کاربەدەست و بەرپرسانی گەلی فارس و ئەرەک و بابل و ئیلامییەکانی شوش

١٠و سەرجەم ئەو نەتەوانە پێکهاتبوون کە ئەشوربەنیپەلی گەورە و بەڕێز ڕاپێچی کردن، لە شاری سامیرە و چەند شوێنێکی دیکە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێی کردن.

١١ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە بۆیان نارد. بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا، خزمەتکارانت، پیاوانی هەرێمی ئەوبەری فورات:

١٢با پاشا بزانێت کە ئەو جولەکانەی لەلای تۆوە سەرکەوتن بۆ لامان، هاتوون بۆ ئۆرشەلیم و ئەو شارە یاخی و خراپە بنیاد دەنێنەوە، شووراکانیش تەواو دەکەن و بناغەکان چاک دەکەنەوە.

١٣با ئێستا لەلای پاشا زانراو بێت کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێتەوە و شووراکانی تەواو بکرێن، چیتر سەرانە و گومرگ و باج نادرێت، لە کۆتاییشدا زیان لە پاشاکان دەکەوێت.

١٤ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێمە نمەکی کۆشکی پاشا دەکەین و شیاویش نییە زیانی پاشا ببینین، لەبەر ئەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشا ئەم نامەیە دەنێرین،

١٥بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرشیفی شاهانەی باوباپیرانتدا بکرێت. ئینجا لە ئەرشیفی شاهانە دەبینیتەوە و دەزانیت کە ئەم شارە شارێکی یاخییە و زیانبەخشە بە پاشاکان و هەرێمەکان، لە دێرزەمانەوە یاخیبوونیان لەناویدا بەرپا کردووە، لەبەر ئەوە ئەم شارە کاول کرا.

١٦ئێمەش پاشا ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێت و شووراکانی تەواو بکرێن، ئیتر لە هەرێمی ئەوبەری فوراتەوە بەشت نابێت.

١٧پاشا ئەم وەڵامەی نارد: بۆ ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان کە لە سامیرە و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێن: پاش سڵاو.

١٨ئەو نامەیەی بۆتان ناردین بە ڕوونی لەبەردەممدا خوێنرایەوە و وەرگێڕدرا.

١٩فەرمانێکم دەرکرد و لێکۆڵینەوەیەک کرا، دەرکەوت کە ئەم شارە لە دێرزەمانەوە لە دژی پاشایان وەستاوەتەوە و یاخیبوون و سەرپێچیکردنی تێدا بەرپا کراوە.

٢٠ئۆرشەلیم پاشای بە توانای هەبووە و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو هەرێمی ئەوبەری فوراتدا ڕۆیشتووە، سەرانە و گومرگ و باجیان پێدراوە.

٢١ئێستاش فەرمانێک بۆ دەست لە کار هەڵگرتنی ئەم پیاوانە دەربکەن، ئیتر هەتا فەرمان لە منەوە دەرنەچێت ئەو شارە بنیاد نانرێتەوە.

٢٢وریابن لەم کارە کەمتەرخەمی نەکەن، نەوەک زیان بە بەرژەوەندی پاشاکان بگات.

٢٣کاتێک نامەکەی ئەرتەحشەستەی پاشا لەبەردەم ڕەحوم و شیمشەیی خامەی نهێنی و یاوەرەکانیاندا خوێنرایەوە، بە پەلە چوون بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای جولەکەکان و بە زەبری هێز لە کارەکە ڕایانگرتن.

٢٤کارەکەی ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم ڕاگیرابوو، هەتا دووەم ساڵی پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.