١ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکان و ئەوانەن کە لەگەڵیاندا تۆمارکراون، ئەوانەی لە سەردەمی ئەرتەحشەستەی پاشادا لەگەڵ من لە بابلەوە گەڕانەوە:
٢لە نەوەی فینەحاس، گێرشۆم؛ لە نەوەی ئیتامار، دانیال؛ لە نەوەی داود، حەتوش
٣لە نەوەی شەخەنەیا؛ لە نەوەی پەرعۆش، زەکەریا و سەد و پەنجا نێرینەش لەگەڵیدا تۆمار کران؛
٤لە نەوەی پەحەتمۆئاب، ئەلیهۆعێینەی کوڕی زەرەحیا، دوو سەد نێرینەش لەگەڵی؛
٥لە نەوەی زەتو، شەخەنەیا کوڕی یەحەزیێل و سێ سەد نێرێنەش لەگەڵی؛
٦لە نەوەی عادین، عەبەدی کوڕی یۆناتان، پەنجا نێرینەش لەگەڵی؛
٧لە نەوەی ئیلام، یەشەعیای کوڕی عەتەلیا، حەفتا نێرینەش لەگەڵی؛
٨لە نەوەی شەفەتیا، زەڤەدیای کوڕی میکائیل، هەشتا نێرینەش لەگەڵی؛
٩لە نەوەی یۆئاب عۆبەدیای کوڕی یەحیێل، دوو سەد و هەژدە نێرینەش لەگەڵی؛
١٠لە نەوەی بانی، شەلۆمیت کوڕی یۆسیفیا، سەد و شەست نێرینەش لەگەڵی؛
١١لە نەوەی بێڤەی، زەکەریای کوڕی بێڤەی، بیست و هەشت نێرینەش لەگەڵی؛
١٢لە نەوەی عەزگاد، یۆحانانی کوڕی هەقاتان سەد و دە نێرینەش لەگەڵی؛
١٣لە نەوەی ئەدۆنیقام، کە لە کۆتاییدا هاتن، ئەمە ناوەکانیانە، ئەلیفەلەت و یەعوئێل و شەمەعیا، شەست نێرینەش لەگەڵیان؛
١٤لە نەوەی بیگڤەی، عوتەی و زەکور، حەفتا نێرینەش لەگەڵیان.
١٥جا بۆ لای ئەو نۆکەندەی بەرەو ئەهەڤا دەڕوات کۆمکردنەوە و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە، لە گەل و کاهینەکان ورد بوومەوە، بەڵام کەسم لە لێڤییەکان لەوێ بەدی نەکرد.
١٦لەبەر ئەوە بانگی هەر یەک لە ئەلیعەزەر، ئەریێل، شەمەعیا، ئەلناتان، یاریڤ، ئەلناتان، ناتان، زەکەریا و مەشولام کرد، کە لە ڕابەرەکان بوون، هەروەها یۆیاریڤ و ئەلناتان کە تێگەیشتوو بوون.
١٧هەموویانم نارد بۆ لای ئیدۆی ڕابەر لەو شوێنەی ناوی کاسیفیا بوو، پێم گوتن لە کاسیفیا چی بە ئیدۆ و برا خزمەتکارەکانی پەرستگا بڵێن، تاوەکو خزمەتکارانمان بۆ بهێنن بۆ ماڵی خودامان.
١٨ئینجا بەپێی ئەوەی دەستی چاکی خودا لەسەرمان بوو، پیاوێکی وریایان بۆمان هێنا کە ناوی شێرێڤیا بوو، لە نەوەی مەحلی کوڕی لێڤی کوڕی ئیسرائیل، لەگەڵ کوڕەکانی شێرێڤیا و براکانی کە هەموویان هەژدە پیاو بوون؛
١٩هەروەها حەشەڤیا لەگەڵ یەشەعیا لە نەوەی مەراری و براکانی و کوڕەکانیان بیست کەس بوون.
٢٠لە خزمەتکارانی پەرستگاش، لەو کۆمەڵەی کە داود و کاربەدەستەکان بۆ یارمەتیدانی لێڤییەکان دایانمەزراندبوون، دوو سەد و بیست پیاویان هێنا. هەموویان بە ناوی خۆیانەوە دیاری کران.
٢١لەوێدا لەسەر نۆکەندی ئەهەڤا بانگەوازی ڕۆژووگرتنم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی لەبەردەم خوداکەماندا ملکەچ بین و داوای ڕێگایەکی ڕاستی لێ بکەین بۆ خۆمان و منداڵەکانمان و هەموو ئەوەی هەمانە.
٢٢پێم شەرم بوو داوای سەرباز و سوار لە پاشا بکەم، بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەدا لە دوژمن بمانپارێزن، چونکە ئێمە بە پاشامان گوتبوو کە خودای ئێمە چاکە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە پشتی پێ دەبەستن، زۆریش لەوە تووڕە دەبێت کە وازی لێ بهێنێت.
٢٣جا بە ڕۆژوو بووین و ئەوەمان لە خودامان داوا کرد، ئەویش وەڵامی داینەوە.
٢٤پاشان لە کاهینانی باڵا دوازدە کەسم جیا کردەوە: شێرێڤیا و حەشەڤیا، لەگەڵ ئەوانیش دە لە براکانیان،
٢٥زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەشم بۆیان پێوا، کە بەخشینەکەی ماڵی خودامان ئەوەی پاشا و ڕاوێژکارەکانی و کاربەدەستەکانی و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوێ بوون بەخشییان.
٢٦شەش سەد و پەنجا تالنت زیوم کێشا و خستمە ناو دەستیان، سەد تالنتیش لە قاپوقاچاغی زیو لەگەڵ سەد تالنت زێڕ و
٢٧بیست پەرداخی زێڕ بە هەزار درهەم، دوو قاپی بڕۆنزیش زۆر باش مشتوماڵکراو، کە وەک زێڕ بە نرخ بوون.
٢٨بەوانم گوت: «ئێوە تەرخانکراون بۆ یەزدان و قاپوقاچاغەکانیش تەرخانکراون و زێڕ و زیوەکەش بەخشینێکی ئازادن بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان.
٢٩ئیتر پاسەوانیی بکەن و بیپارێزن هەتا لەبەردەم کاهینانی باڵا و لێڤییەکان و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بیکێشن، لە ژوورەکانی ماڵی یەزدان.»
٣٠ئینجا کاهین و لێڤییەکان کێشی زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەیان وەرگرت تاوەکو بۆ ئۆرشەلیمی بهێنن، بۆ ماڵی خوداکەمان.
٣١لە دوازدەی مانگی یەک لە نۆکەندی ئەهەڤاوە بەڕێکەوتین تاکو بچینە ئۆرشەلیم، خوداشمان پشتگیری دەکردین، جا لە دەستی دوژمن و چەتەکانی سەر ڕێگا فریامان کەوت.
٣٢ئینجا گەیشتینە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
٣٣لە ڕۆژی چوارەمدا زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەی ناو ماڵی خودامان لەسەر دەستی مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کاهین کێشرا. ئەلعازاری کوڕی فینەحاسیش لەگەڵی بوو، لەگەڵ یۆزاڤادی کوڕی یێشوع و نۆعەدیای کوڕی بەنوی کە هەردووکیان لێڤی بوون.
٣٤بە ژمارە و کێش بۆ هەموویان، هەموو کێشەکەش لەو کاتەدا نووسران.
٣٥نەوەی ڕاپێچکراوەکانیش ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، قوربانی سووتاندنیان پێشکەشی خودای ئیسرائیل کرد، دوازدە گا لەبری هەموو ئیسرائیل، لەگەڵ نەوەد و شەش بەران، حەفتا و حەوت بەرخی نێر، هەروەها دوازدە گیسکی نێری بۆ قوربانی گوناه، هەموو کرانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.
٣٦هەروەها یاساکانی پاشایان دایە دەست میر و پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات، ئەوانیش یارمەتی گەل و ماڵی خودایان دا.