١لەو سەردەمەی کە ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم بوو،
٢ئەم پاشایانە لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە جەنگێکیان بەرپا کرد.
٣هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو.
٤بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.
٥لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و پاشا هاوپەیمانەکانی هاتن و لە عەشترۆت قەرنەیم ڕفائییەکان و لە هام زوزییەکان و لە شاڤێ قیریاتەیم ئێمییەکانیان بەزاند.
٦هەروەها حۆرییەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر بەزاند و هەتا ئێل پاران لە نزیک بیابان ڕۆیشتن.
٧ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمۆرییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.
٨ئینجا پاشاکانی سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما، چەبۆئیم و بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست،
٩لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج.
١٠دۆڵی سیدیم پڕ بوو لە چاڵە قیر، بۆیە هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا لە کاتی هەڵاتندا کەوتنە نێو چاڵەکانەوە، بەڵام پاشاکانی دیکە بۆ چیاکان هەڵاتن.
١١ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەک و خۆراکەکانی سەدۆم و عەمۆرایان برد و ڕۆیشتن.
١٢هەروەها لوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.
١٣یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەمۆری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون.
١٤کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت.
١٥کە شەو داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون و هێرشی بردە سەریان و تەفروتونای کردن و هەتا حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە.
١٦جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها لوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.
١٧دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.
١٨مەلکیسادقی پاشای شالیمیش کە کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، نان و شەرابی بۆ ئەبرام هێنا.
١٩ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
٢٠ستایش بۆ خودای هەرەبەرز کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.» ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.
٢١ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»
٢٢بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
٢٣کە لە ماڵ و سامانی تۆ هیچ شتێک نەبەم، تەنانەت تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگێکی پێڵاو، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“
٢٤تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ. با ئەوانیش بەشی خۆیان وەربگرن.»