کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، کە لە گەرمای ڕۆژدا لەبەر دەرگای چادرەکەیدا دانیشتبوو.

٢ئیبراهیم سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.

٣ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە.

٤با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، ئینجا لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە.

٥پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم تاکو بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.» ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»

٦ئیتر ئیبراهیم بە پەلە چوو بۆ ناو چادرەکە بۆ لای سارا و پێی گوت: «خێرا سێ پێوانە لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»

٧هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی.

٨ئینجا دەڵەمە و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.

٩پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟» ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»

١٠ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.» ساراش لە پشتەوە و لەبەر دەرگای چادرەکەدا گوێی لەوان گرتبوو.

١١ئیبراهیم و سارا دوو کەسی پیر و بەساڵداچوو بوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو.

١٢بۆیە سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا ئێستا کە تەواو پیر بووم و مێردەکەشم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»

١٣ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”ئایا بەڕاستی بەم پیرییەوە منداڵم دەبێت“؟

١٤هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»

١٥سارا لە ترسا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم.» بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»

١٦ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات.

١٧یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟

١٨بێگومان ئیبراهیم دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن.

١٩لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە کە منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرنەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»

٢٠ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاوار لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و تووشی گوناهی زۆر گەورە هاتوون.

٢١ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی بزانم ئاخۆ ئەو کارەی کە کردوویانە بەو ڕادەیە خراپە کە بیستوومە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»

٢٢ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو.

٢٣ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟

٢٤ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی کە تێیدایە نایبەخشیت؟

٢٥حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە کە ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت و وەکو یەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەیت! دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەر نابێت؟»

٢٦یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە شاری سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»

٢٧ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم، بوێری ئەوەم هەبووە لەگەڵ پەروەردگاردا قسە بکەم،

٢٨ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟» فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»

٢٩دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»

٣٠ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟» فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»

٣١ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»

٣٢ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»

٣٣ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.