کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٢٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو. بۆ ماوەیەک لە گرار مایەوە.

٢ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.

٣ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»

٤ئەبیمەلەخ کە هێشتا لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟

٥ئەی ئیبراهیم پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»

٦خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت.

٧ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەیگەڕێنیتەوە، ئەوا بزانە کە بێگومان خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن دەمرن.»

٨ئەبیمەلەخ بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەو شتانەی پێ گوتن کە ڕوویاندابوو، ئەوانیش زۆر ترسان.

٩ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە نابێت بکرێت، بە منت کرد.»

١٠ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «بۆچی ئەم کارەت کرد؟»

١١ئیبراهیمیش گوتی: «لەبەر ئەوەی بە خۆمم گوت: ”هیچ لەخواترسێک لەم شوێنەدا بوونی نییە و لەبەر ژنەکەم من دەکوژن.“

١٢لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم.

١٣کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”بەم شێوەیە دەتوانیت خۆشەویستی خۆتم نیشان بدەیت: چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»

١٤ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە.

١٥ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «وا زەوییەکەم لەبەردەم تۆیە، کوێت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»

١٦بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو دەدەمە براکەت. ئەمە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئابڕووبردنەیە کە بەرامبەر تۆ لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن ئەنجامم دا؛ ئیتر تۆ تەواو ڕووسپیت.»

١٧ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو،

١٨چونکە یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە، هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، بە تەواوی بەستبووی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.