کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٢٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو.

٢ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع مرد، کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێتەوە و بەسەریدا بگریێت.

٣ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد و گوتی:

٤«من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، تاکو بتوانم مردووەکەم بنێژم.»

٥حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت:

٦«گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە دەست بەو گۆڕەوە ناگرێت کە تۆ مردووەکەتی تێدا دەنێژیت.»

٧ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ حیتییەکان برد کە خەڵکی خاکەکە بوون.

٨ئینجا قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم بنێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و داوا لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر بکەن کە

٩ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.»

١٠عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:

١١«نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەبەخشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.»

١٢ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و

١٣لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.»

١٤عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:

١٥«گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.»

١٦ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو.

١٧ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە

١٨موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە.

١٩دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان.

٢٠ئیتر حیتییەکان کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناویان بە موڵک دا بە ئیبراهیم، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕستان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.