کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٣٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»

٢یاقوب لە ڕاحێل تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»

٣ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. سەرجێیی لەگەڵ بکە هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»

٤جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ تاکو ببێتە ژنی. یاقوبیش سەرجێیی لەگەڵی کرد.

٥بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.

٦ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری کردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو و کوڕێکی پێدام.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان.

٧دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.

٨ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.

٩کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی.

١٠زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو.

١١لێئە گوتی: «بەختێکی باش!» ئیتر ناوی لێنا گاد.

١٢زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو.

١٣لێئەش گوتی: «خۆزگە بە من دەخوازرێت! لەبەر ئەوەی کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر.

١٤لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»

١٥بەڵام لێئە گوتی: «ئایا بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ ئایا گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟» ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەلای تۆ بێت.»

١٦کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دەبێت ئەمشەو بێیتە لای من، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە سەرجێیی لەگەڵی کرد.

١٧خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو.

١٨ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار.

١٩دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو.

٢٠ئینجا لێئە گوتی: «خودا خەڵاتێکی باشی کردم. ئێستا مێردەکەم ڕێزم لێ دەگرێت، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.

٢١دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.

٢٢خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد؛ گوێی لێ گرت و منداڵدانی کردەوە.

٢٣ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.»

٢٤ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»

٢٥لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم.

٢٦ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت چەندە خزمەتم کردوویت.»

٢٧بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.»

٢٨ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»

٢٩یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چۆن خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە،

٣٠چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، بەڵام دوای هاتنم زۆر زیادی کرد و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»

٣١ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟» یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم.

٣٢ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن.

٣٣سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»

٣٤لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.»

٣٥هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی.

٣٦ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، لە کاتێکدا یاقوب چاودێری مەڕەکانی دیکەی لابانی دەکرد.

٣٧یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چنار هێنا و لە شوێنی هێڵەکان توێکڵەکانیانی پاک کرد و سپیێتییەکەی ژێریانی دەرخست و خەتی سپی لەسەر کێشان.

٣٨ئینجا چڵە دارە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە دانا، بە جۆرێک کە کاتێک مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە دەهاتن، ڕێک لەبەردەمیدا بوو، ئەمەش بۆ ئەوە بوو هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بە بەران بێن،

٣٩مەڕەکان لەلای چڵەکان بەرانیان گرت و بەرخی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو.

٤٠ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی خۆی لە مەڕە خەتدار و ڕەشەکانی لابان کرد. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان.

٤١هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان دەهاتنە ئەوەی بەران بگرن، یاقوب لەپێش چاویان چڵە دارەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵە دارەکاندا بەران بگرن.

٤٢بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون چڵە دارەکانی دانەدەنا. بەو شێوەیە لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب.

٤٣ئینجا پیاوەکە تەواو دەوڵەمەند بوو. بووە خاوەنی مەڕێکی زۆر، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.