کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەیدابوون

پەیدابوون ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.»

٢پاشان هابیلی برای بوو. ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو.

٣دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد.

٤هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون،

٥بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون، بۆیە قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد.

٦یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟

٧ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.»

٨جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی.

٩یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟» ئەویش گوتی: «نازانم، ئایا من پاسەوانی براکەمم؟»

١٠جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات.

١١ئێستاش تۆ نەفرەتلێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ.

١٢کاتێک ئیش لە زەوییەکەدا دەکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.»

١٣قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم.

١٤ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.»

١٥بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد تاکو هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت.

١٦ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو.

١٧قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناو نا حەنۆخ.

١٨حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو.

١٩لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو.

٢٠لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و خاوەن مەڕوماڵاتەکان بوون.

٢١براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا.

٢٢چیلاش کوڕێکی بوو بە ناوی توبەل قەین، کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن دروست دەکران. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو.

٢٣لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت: «عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت، ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن. پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم، لاوێکیش لەسەر ئەوەی زامداری کردم.

٢٤ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە، بەڵام بۆ لامەخ، حەفتا و حەوت جار.»

٢٥جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «لە جیاتی هابیل کە قایین کوشتی، خودا کوڕێکی دیکەی پێ بەخشیم.»

٢٦هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش. لەو کاتەدا بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.