١دوای ماوەیەک ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە پاشای میسری گەورەیان کرد.
٢جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی، واتا لە سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان تووڕە بوو.
٣ئیتر هەردووکیانی خستە ئەو زیندانەی کە لەناو ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان بوو، هەمان ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو.
٤سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن. ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە.
٥ئینجا ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون، هەردووکیان لە یەک شەودا خەونیان بینی. خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.
٦کاتێک بەیانی یوسف هاتە لایان، هەردووکیانی بە ماتومەلوولی بینی.
٧ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟»
٨وەڵامیان دایەوە: «هەردووکمان خەونمان بینیوە، بەڵام کەس نییە بۆمان لێکبداتەوە.» یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.»
٩سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو.
١٠سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەرکە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ.
١١جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون و جامەکەم دایە دەستی.»
١٢یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن.
١٣لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت.
١٤بەڵام کاتێک هەموو شتێکت بە باشی بەرەو پێش چوو، منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکە و لەلای فیرعەون ناوم بهێنە و لەم زیندانە دەرمبهێنە.
١٥من لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم و لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»
١٦کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو.
١٧سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.»
١٨یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن.
١٩لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت لێدەکاتەوە و تەرمەکەت لە داردا دەدات و باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.»
٢٠ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد.
٢١سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون.
٢٢بەڵام سەرۆکی نانەواکانی لە دار دا، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە.
٢٣سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد.