١کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟»
٢گوتی: «بیستوومە لە میسر گەنم هەیە. بڕۆن و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.»
٣ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر.
٤بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت.
٥ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە دەهاتن، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو.
٦یوسف خۆی دەسەڵاتداری خاکی میسر بوو، هەر خۆشی گەنمی بە هەموو گەل دەفرۆشت. بۆیە کاتێک براکانی یوسف گەیشتنە میسر، کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی.
٧هەرکە یوسف تەماشای براکانی کرد، یەکسەر ئەوانی ناسییەوە، بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.»
٨هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە.
٩ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.»
١٠ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن.
١١ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.»
١٢ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.»
١٣بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.»
١٤یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن.
١٥بەمە تاقی دەکرێنەوە: بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە هەتا برا بچووکەکەتان نەیەت بۆ ئێرە.
١٦یەکێک لە خۆتان بنێرن تاکو براکەتان بهێنێت. ئێوەش لێرە بەند دەکرێن بۆ ئەوەی قسەکەتان تاقی بکرێتەوە و بزانرێت ئاخۆ ڕاستتان گوتووە. ئەگەر نا، ئەوا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.»
١٧ئیتر هەموویانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ زیندانی کرد.
١٨لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من کەسێکی لەخواترسم.
١٩ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لێرە زیندانی بکرێت و ئەوانی دیکەشتان بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان.
٢٠بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئینجا ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد.
٢١بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی ئێمە بەهۆی براکەمانەوەیە وا ئێستا سزا دەدرێین. کاتێک لێمان پاڕایەوە بینیمان چەند پەرێشان بوو، بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهاتووە.»
٢٢ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا داوای خوێنەکەی دەکرێت.»
٢٣ئەوان نەیاندەزانی کە یوسف لە قسەکانیان تێدەگات، چونکە لە ڕێگەی وەرگێڕەوە قسەی لەگەڵ دەکردن.
٢٤ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە.
٢٥دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم و زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی و ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا.
٢٦گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن.
٢٧لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی.
٢٨بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.» ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟»
٢٩ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان:
٣٠«ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای دەزانی ئێمە سیخوڕیی بەسەر خاکەکەوە دەکەین.
٣١بەڵام ئێمە پێمان گوت: ”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین.
٣٢ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“
٣٣«ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین: ”بەمەدا دەزانم ئێوە سەرڕاستن: با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن.
٣٤ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر بەوەدا دەزانم کە ئێوە سیخوڕ نین و کەسانێکی سەرڕاستن. ئەو کات براکەتان پێدەدەمەوە و دەشتوانن لە خاکەکەدا بازرگانی بکەن.“»
٣٥کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکرد، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر خۆیان و باوکیان کە کیسەی زیوەکانیان بینی، ترسیان لێ نیشت.
٣٦یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان لە منداڵەکانم بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.»
٣٧ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.»
٣٨بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.»