١کاتێک مرۆڤەکان لەسەر زەوی دەستیان بە زۆربوون کرد و کچیان بوو،
٢کوڕانی خودا بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا.
٣ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»
٤لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە.
٥یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە.
٦یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو.
٧ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.»
٨بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.
٩ئەمانەش نەوەکانی نوحن. نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو.
١٠نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.
١١زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی.
١٢خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو.
١٣ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم.
١٤کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە و بیکە بە لانە و بە قیر دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە.
١٥بەم شێوەیەش دروستی بکە: درێژییەکەی سێ سەد باڵ و پانییەکەی پەنجا باڵ و بەرزییەکەی سی باڵ بێت.
١٦لە بەشی سەرەوەی کەشتییەکە بە ئەندازەی باڵێک بۆشایی بەجێ بهێڵە، ئینجا سەربانێکی بۆ دروست بکە. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دابنێ. با سێ نهۆم بێت، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە.
١٧من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت.
١٨بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت.
١٩لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی.
٢٠جووتێک لە هەموو جۆرەکانی باڵندە و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە.
٢١تۆش بۆ خۆت لە هەموو جۆرە خواردنێکی گونجاو ببە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو ببێتە خواردنی خۆت و ئەوان.»
٢٢جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.