١لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە،
٢بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە.
٣کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.
٤بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.
٥ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: ﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت﴾؟ هەروەها: ﴿من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من﴾؟
٦دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت: ﴿با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.﴾
٧لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ: ﴿خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن، خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.﴾
٨بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت: ﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
٩تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە، بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای، بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت.﴾
١٠هەروەها: ﴿تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
١١ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن.
١٢وەک کەوا دەیپێچیتەوە، وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن، بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.﴾
١٣ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: ﴿لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت﴾؟
١٤ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟