کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزعیبرانییەکان

عیبرانییەکان ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە.

٢ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو.

٣عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە.

٤لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە.

٥موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو.

٦بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.

٧لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: ﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،

٨دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا، لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.

٩لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە، هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.

١٠لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم، فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و ڕێگای منیان نەناسی.»

١١بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾

١٢خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە.

١٣بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ ﴿ئەمڕۆ،﴾ تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت.

١٤بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە.

١٥وەک چۆن گوتراوە: ﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.﴾

١٦جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟

١٧خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟

١٨خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟

١٩هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.