کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزهۆشەع

هۆشەع ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە، چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!

٢ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و بگەڕێنەوە لای یەزدان، پێی بڵێن: «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە، بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.

٣ئاشور ڕزگارمان ناکات. سواری ئەسپ نابین، جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین، ”خوداوەندەکانمان،“ چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»

٤«من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە، بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت، چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.

٥بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم، ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،

٦چڵەکانی درێژ دەبنەوە، جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.

٧نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە. وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و وەک مێو دەگەشێتەوە. ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.

٨ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟ من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم، من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم، بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»

٩کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟ کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟ چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن، بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.