کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٢١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا: وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات، لە چۆڵەوانییەوە دێت، لە خاکێکی ترسناک.

٢ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە: ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات. سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا! کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی.

٣لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار، ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون، سەرسام بووم لە گوێگرتن، واقم وڕما لە بینین.

٤سەرم لێ شێوا، ترس منی لەرزاند، زەردەپەڕی خۆشیی منی کردە تۆقین.

٥خوان ئامادە دەکەن، ڕایەخ ڕادەخەن، دەخۆن و دەخۆنەوە! هەستن ئەی میران! قەڵغان چەور بکەن!

٦پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە، ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت.

٧کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت، سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر، با بە تەواوی گوێی شل بکات، زۆر شلی بکات.»

٨ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد: «گەورەم، من ڕۆژانە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم، هەموو شەوانیش لە بنکەی پاسەوانێتییەکەم دەمێنمەوە.

٩ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت. وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ”کەوتووە، بابل کەوتووە! هەموو وێنەی خوداوەندەکانی بەرەو زەوی شکان!“»

١٠ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون، ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم.

١١سروشێک سەبارەت بە دوما: لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت، «ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟ ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟»

١٢ئێشکگرەکەش وەڵام دەداتەوە: «بەیانی دێت، هەروەها شەویش. ئەگەر داواکارن، داوا بکەن، بگەڕێنەوە، وەرن.»

١٣سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان: ئەی کاروانی دیدانییەکان، ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن،

١٤بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن. ئەی دانیشتووانی خاکی تێما، بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن،

١٥چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون، لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو، لە ڕووی کەوانی توندکراو، لە ڕووی سەختی جەنگ.

١٦پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و

١٧پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.