کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٣٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن، بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات، وەک گوڵاڵە سوورە،

٢بە تەواوی چرۆ دەکات و تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات! شکۆی لوبنانی پێدەدرێت، شەوکەتی کارمەل و شارۆن، ئەوان شکۆی یەزدان و شەوکەتی خودامان دەبینن.

٣دەستە شلەکان توند بکەن و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.

٤بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە: «خۆتان توند بکەن، مەترسن! ئەوەتا خوداتان، بە تۆڵەسەندنەوە دێت، سزای خوداتان. ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»

٥ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و گوێی کەڕ دەکرێتەوە.

٦ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات، چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و ڕووباریش لە بیابان.

٧سەراب دەبێتە گۆم و خاکی تینوو بە کانیاو. لە لانەی چەقەڵەکان، لە مۆڵگەکەیان، قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.

٨لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت، ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت. گڵاو پێیدا تێناپەڕێت، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن، گێلەکان پێدا ناڕۆن.

٩شێر لەوێ نابێت، جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت، لەوێ بەرچاو ناکەون. بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،

١٠ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.