کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٤١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن! با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە! با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن، با پێکەوە بچینە دادگاییکردن.

٢«کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە، ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟ نەتەوەکانی دەداتە پێشی، پاشایان ژێردەستەی دەکات. بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات، بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو.

٣ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت، بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون.

٤کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە، لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟ من یەزدانم، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.»

٥دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن، هەر چوار لای زەوی دەلەرزن، نزیک بوونەوە و دێن،

٦هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات، بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!»

٧دارتاش زێڕنگەر هاندەدات، ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت، بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.» بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت.

٨«بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم، ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە، توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم،

٩ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت، لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“ تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە.

١٠مەترسە، چونکە لەگەڵتدام، مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم. بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم، بە دەستی ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.

١١«ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن، وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن ئەوانەی دژایەتیت دەکەن.

١٢بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت. ئەوانەی لە دژت دەجەنگن وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن،

١٣چونکە من یەزدانم، خودای تۆ، ئەوەی دەستی ڕاستی گرتوویت، ئەوەی پێت دەڵێت، مەترسە، من یارمەتیت دەدەم.

١٤مەترسە ئەی یاقوبی کرم، ئەی ئیسرائیلی بچووک، من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

١٥«ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی تیژی نوێی دداندار. چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت، گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.

١٦شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت، ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات، بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت، شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.

١٧«کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە، لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو. بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم، خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.

١٨ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم، کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم. چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو، زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.

١٩داری ئورز و ئەکاسیا و مۆرد و زەیتوون لە چۆڵەوانی دەڕوێنم، داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە لە بیابان دادەنێم،

٢٠بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و سەرنج بدەن و تێبگەن کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»

٢١یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.» پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.

٢٢بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن ئەوەی ڕوودەدات. ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن، با مێشکمان بخەینە سەری و بزانین کۆتاییەکەیان چییە. یان داهاتوومان پێ بڵێن،

٢٣ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن، هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە، هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.

٢٤بەڵام ئێوە هیچن و کارەکانتان لە هیچ کەمترن، قێزەونە ئەوەی ئێوە هەڵدەبژێرێت.

٢٥«لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات. لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات، بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا، وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.

٢٦کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین، پێشوەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“ بێگومان ڕاگەیەنەر نییە، بێگومان بەگوێدادەر نییە، بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.

٢٧سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“ بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.

٢٨بینیم کەس نییە، ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.

٢٩تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن! کارەکانیان هیچ نین، بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.