کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٤٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بێل چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە، بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ. ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون، بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.

٢هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا، نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.

٣«ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە، لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.

٤هەتا پیریش بن هەر من ئەوم، هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم. من دروستم کردوون و ئێوە باری منن، هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.

٥«بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟

٦ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و زیویش بە تەرازوو دەکێشن، زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک، ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.

٧دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن، لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت، لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە. هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە، لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.

٨«ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە! ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە.

٩سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە، بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە، خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.

١٠لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە، لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە. فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت، هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“

١١داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم، لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت. فەرمووم و ئەنجامی دەدەم، دامڕشتووە و دەیکەم.

١٢ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.

١٣ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە، دوور ناکەوێتەوە و ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت. ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم، بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.