کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٥٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دادپەروەری بپارێزن و ڕاستودروستی ئەنجام بدەن، چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.

٢خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت، ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»

٣با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت: «یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.» با خەساویش نەڵێت: «ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»

٤لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن، ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،

٥لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی یادەوەری و ناویان پێدەدەم، لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان. ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم کە نابڕدرێتەوە.

٦ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان بۆ پەرستنی و بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان هەتا بۆی ببن بە بەندە، هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە

٧دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم، لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم. قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم، چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان.»

٨یەزدانی باڵادەست، ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت: «زیاتر کۆدەکەمەوە لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»

٩ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر، ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن!

١٠ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن، نەزانن. هەموو سەگی لاڵن، ناتوانن بوەڕن. خەونبین و پاڵکەوتوون، حەزیان لە خەوە.

١١سەگەکان چاو برسین، تێربوون نازانن. ئەوان شوانن و تێناگەن، هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت، هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.

١٢دەڵێن: «وەرن شەراب بهێنین! با مەی بنۆشین! بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت، بەڵکو زۆر باشتریش.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.