کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئیشایا

ئیشایا ٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو.

٢سەرافیمەکان لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی.

٣ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە! شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»

٤چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.

٥گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا، یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»

٦ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و

٧لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»

٨ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟» منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»

٩ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ: «”هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام هەرگیز نابینن.“

١٠دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە، گوێی گران بکە و چاوی بنوقێنە، نەوەک بە چاوی ببینێت و بە گوێی ببیستێت، بە دڵی تێبگات و بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»

١١منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟» ئەویش فەرمووی: «هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی بێ ئاوەدانی و ماڵەکانیش بێ خەڵک و کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،

١٢هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.

١٣ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە، جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت. بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو، کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت، پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.