کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیاقوب

یاقوب ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی خوشکان و برایانم، ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین.

٢ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس،

٣تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،»

٤ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟

٥خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە تاکو لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن، کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟

٦بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟

٧ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟

٨ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ چاک دەکەن.

٩بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن، ئەوا گوناه دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن،

١٠چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت بەجێبهێنێت، بەڵام تەنها بەندێکی بشکێنێت، ئەوا لە هەمووی تاوانبارە.

١١ئەوەی فەرموویەتی: ﴿داوێنپیسی مەکە،﴾ هەروەها فەرمووشیەتی: ﴿مەکوژە.﴾ ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت، ئەوا سەرپێچی شەریعەتت کردووە.

١٢ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن، وەک ئەوەی بە شەریعەتی ئازادی حوکم بدرێن،

١٣چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە، بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت.

١٤خوشکان و برایانم، چ سوودێکی هەیە ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە، بەڵام کرداری نەبێت؟ ئایا ئەم جۆرە باوەڕە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟

١٥ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو،

١٦یەکێکتان پێتان گوتن: «بەخێر بچن، جلی گەرم لەبەر بکەن، تێر بخۆن،» و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ، چ سوودێکی هەیە؟

١٧بەم شێوەیەش، باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە.

١٨لەوانەیە کەسێک بڵێ: «تۆ باوەڕت هەیە و من ‏کردار.» نیشانم بدە باوەڕت چۆن بێ کردار دەبێت، ئەوسا منیش بە کردارەکانم نیشانت دەدەم باوەڕم چۆنە‏.

١٩تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە، چاک دەکەیت. تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن.

٢٠ئەی مرۆڤی گێل، دەتەوێت بزانیت کە باوەڕ بێ کردار نەزۆکە؟

٢١ئایا ئیبراهیمی باوکمان بە کردار بێتاوان نەکرا، کاتێک لەسەر قوربانگا ئیسحاقی کوڕی پێشکەش کرد؟

٢٢دەبینیت باوەڕ بە کردارەکەی لە کاردا بوو، باوەڕەکەش بە کردار تەواو بوو.

٢٣نووسراوە پیرۆزەکەش هاتە دی کە دەفەرموێ: ﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا،﴾ هەروەها ناوی لێنرا دۆستی خودا.

٢٤دەبینن کە مرۆڤ بە کردار بێتاوان دەبێت نەک تەنها بە باوەڕ.

٢٥بەم شێوەیە ڕاحابی لەشفرۆش، ئایا بە کردار بێتاوان نەبوو، کە پێشوازی لە سیخوڕەکان کرد و بە ڕێگایەکی دیکەدا بەڕێی کردن؟

٢٦هەروەک چۆن جەستە بێ ڕۆح مردووە، باوەڕیش بێ کردار مردووە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.