١لەدوای مردنی یەشوع، نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار بچێت بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکان؟»
٢یەزدانیش وەڵامی دانەوە: «با هۆزی یەهودا بچن، من وا خاکەکەم خستووەتە ژێر دەستیان.»
٣پیاوانی یەهوداش بە شیمۆنییەکانی برایانیان گوت: «لەو بەشە خاکەی لە تیروپشک بۆمان دەرچووە لەگەڵمان وەرن، با لە دژی کەنعانییەکان بجەنگین، ئینجا ئێمەش لەو بەشە خاکەی کە بۆتان دەرچووە لەگەڵتان دێین.» شیمۆنییەکانیش لەگەڵیان چوون.
٤پیاوانی یەهودا چوون، یەزدانیش کەنعانی و پریزییەکانی خستە ژێر دەستیان، ئەوانیش لە بەزەق دە هەزار پیاویان لێ کوشتن.
٥ئینجا لە بەزەق، ئەدۆنی بەزەقیان دۆزییەوە و شەڕیان لە دژی کرد، کەنعانی و پریزییەکانیان شکاند.
٦ئەدۆنی بەزەق هەڵات، بەڵام ئەوان بەدوای کەوتن و گرتیان و پەنجە گەورەی دەست و پێیان بڕی.
٧ئەدۆنی بەزەق گوتی: «حەفتا پاشا کە پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕابوو لەژێر مێزی نانخواردنەکەم بەرماوەیان هەڵدەگرتەوە، ئەوەی کردبووم خودا پێی کردمەوە.» ئینجا هێنایانە ئۆرشەلیم و لەوێ مرد.
٨کوڕانی یەهودا هێرشیان بردە سەر ئۆرشەلیم و گرتیان، خەڵکەکەیان بە شمشێر کوشت و ئاگریان لە شارەکە بەردا.
٩لەدوای ئەوە کوڕانی یەهودا بەرەو خوارەوە چوون بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەوانەی نەقەب و ئەوانەی لە زوورگەکانی خۆرئاوا نیشتەجێ بوون.
١٠ئینجا کوڕانی یەهودا بەرەو کەنعانییەکانی دانیشتووی حەبرۆن چوون و شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەییان بەزاند. حەبرۆن پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو.
١١لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوییان کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو.
١٢ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.»
١٣ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب کە لەو بچووکتر بوو، قیریەت سێفەری گرت. کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
١٤ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
١٥ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
١٦نەوەی خەزووری موسا، ئەوەی کە قێنی بوو، لە شاری دار خورما لەگەڵ کوڕانی یەهودا چوونە چۆڵەوانی یەهودا لە نەقەب لە نزیکی عەراد، چوون و لەگەڵ گەلەکە نیشتەجێ بوون.
١٧پیاوەکانی یەهودا لەگەڵ شیمۆنییەکانی برایان چوون و کەنعانییەکانی دانیشتووی چەفەتیان بەزاند، بە تەواوی وێرانیان کرد، لەبەر ئەوە ناویان لە شارەکە نا حۆرما.
١٨کوڕانی یەهودا دەستیان گرت بەسەر غەزە و ئەسقەلان و عەقرۆن و سنوورەکانیان.
١٩یەزدانیش لەگەڵ کوڕانی یەهودا بوو، جا ناوچە شاخاوییەکە بووە موڵکیان، بەڵام نەیانتوانی دانیشتووانی دەشتاییەکان دەربکەن، چونکە گالیسکەی ئاسنینیان هەبوو.
٢٠هەروەک موسا بەڵێنی دابوو، حەبرۆنیان دایە کالێب، ئەویش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لەوێ دەرکرد.
٢١بەڵام هۆزی بنیامینیش یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیمیان دەرنەکرد، ئیتر یەبوسییەکان لەگەڵ نەوەی بنیامین لە ئۆرشەلیم ژیان، هەتا ئەمڕۆش.
٢٢هەروەها بنەماڵەی یوسف هێرشیان بردە سەر بێتئێل و یەزدانیش لەگەڵیان بوو.
٢٣کاتێک ماڵی یوسف سیخوڕیان نارد بۆ بێتئێل، کە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو،
٢٤سیخوڕەکان پیاوێکیان بینی لە شارەکە هاتبووە دەرەوە، پێیان گوت: «دەروازەی شارەکەمان پیشان بدە، ئێمەش لەگەڵت باش دەبین.»
٢٥ئەویش دەروازەی شارەکەی پیشاندان، ئەوانیش شارەکەیان دایە بەر زەبری شمشێر، بەڵام پیاوەکە و هەموو تیرەکەی ئەویان بەڕەڵا کرد.
٢٦پیاوەکەش چوو بۆ خاکی حیتییەکان و شارێکی دروستکرد و ناوی لێنا لوز، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
٢٧بەڵام مەنەشە ئەم خەڵکانەی لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەریان دەرنەکرد: خەڵکی بێتشان و تەعنەک و دۆر و یەڤلەعام و مەگیدۆ، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکە.
٢٨کاتێک ئیسرائیلییەکان بەهێز بوون، کەنعانییەکانیان خستە ژێر کاری بێگاری، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
٢٩ئەفرایمییەکانیش ئەو کەنعانیانەیان دەرنەکرد کە دانیشتووی گەزەر بوون، بەڵکو کەنعانییەکان لە گەزەر لەنێویان نیشتەجێ بوون.
٣٠زەبولونییەکانیش دانیشتووانی قیترۆن و دانیشتووانی نەهەلۆلیان دەرنەکرد، جا کەنعانییەکان لەنێویان نیشتەجێ بوون و لەژێر کاری بێگاریدا بوون.
٣١ئاشێرییەکانیش دانیشتووانی عەکۆیان دەرنەکرد، هەروەها دانیشتووانی سەیدا و ئەحلاڤ و ئەکزیڤ و حەلبا و ئەفێق و ڕەحۆڤیش.
٣٢ئیتر ئاشێرییەکان لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، چونکە دەریاننەکردن.
٣٣نەفتالییەکانیش دانیشتووانی بێتشەمەش و دانیشتووانی بێتعەناتیان دەرنەکرد، بەڵکو لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، ئیتر دانیشتووانی بێتشەمەش و بێتعەنات لەژێر کاری بێگاری بوون بۆیان.
٣٤ئەمۆرییەکانیش نەوەی دانیان لە ناوچەی شاخاوی گەمارۆ دا، چونکە نەیانهێشت دابەزن بۆ دۆڵەکە.
٣٥ئەمۆرییەکانیش سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لە کێوی حەرەس و لە ئەیالۆن و لە شەعەلڤیم، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەی یوسف بەهێز بوو، ئەوانیش بێگارییان پێ کردن.
٣٦سنووری ئەمۆرییەکانیش لە هەورازی دووپشک لە سەلەعەوە و بەرەو ژوور دەچوو.