کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕابەران

ڕابەران ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار، لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا.

٢بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد، ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا.

٣ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

٤سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو، پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە.

٥یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا.

٦نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست.

٧لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن.

٨ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە، هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون.

٩عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم، بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون.

١٠جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»

١١یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «کاتێک میسری، ئەمۆری، عەمۆنی، فەلەستی،

١٢سەیدائی، عەمالێقی و ماعۆنییەکان، تەنگیان پێتان هەڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ کردم، ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟

١٣بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم.

١٤بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردوون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.»

١٥نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.»

١٦ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست. یەزدان بەهۆی کڵۆڵیی ئیسرائیلەوە دڵتەنگ بوو.

١٧ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا، کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا.

١٨ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت: «ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان، ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.