کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕابەران

ڕابەران ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو. پیاوێکی لێڤی لە شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا نیشتەجێ بوو، کەنیزەیەکی هێنا خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودا بوو.

٢ئیتر کەنیزەکە داوێنپیسی کرد و چووەوە بۆ ماڵی باوکی لە بێت‌لەحمی یەهودا، چوار مانگ لەوێ مایەوە.

٣ئینجا پیاوەکەی هەستا و بەدوایدا چوو بۆ ئەوەی ئاشتی بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە، ئیتر خزمەتکارەکەی و دوو گوێدرێژی لەگەڵ خۆی برد. ژنەکەش پیاوەکەی بردە ناو ماڵی باوکی. کاتێک باوکی کیژەکە بینی بە دڵخۆشییەوە بەخێرهاتنی کرد.

٤خەزووری واتا باوکی کیژەکە گلی دایەوە و سێ ڕۆژ لەگەڵیدا مایەوە، خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مایەوە.

٥لە ڕۆژی چوارەمدا بەیانی زوو لە خەو هەستان و لێڤییەکە خۆی ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن، باوکی کیژەکە بە زاواکەی گوت: «تۆ بە پارووە نانێک بەری دڵت بگرە و پاشان لەگەڵ ئەوان بڕۆ.»

٦ئینجا هەردووکیان دانیشتن و خواردیان و پێکەوە خواردیانەوە، باوکی کیژەکە بە پیاوەکەی گوت: «ڕازی بە و ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە.»

٧جا کە پیاوەکە هەستا بڕوات، خەزووری زۆری لێکرد، تاکو شەوێکی دیکە لەوێ بمێنێتەوە.

٨پاشان بۆ سبەینێ لە ڕۆژی پێنجەمدا هەستا بۆ ئەوەی بڕوات، باوکی کیژەکە گوتی: «بەری دڵت بگرە ئینجا بڕۆ!» ئینجا هەتا دوای نیوەڕۆ مانەوە و هەردووکیان نانیان خوارد.

٩ئیتر پیاوەکە هەستا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەنیزەکەی و خزمەتکارەکەیدا بڕوات، جا خەزووری، واتا باوکی کیژەکە، گوتی: «ئەوا ڕۆژ لە ئاوابوونە، لەبەر ئەوە بمێنەوە. وا کۆتایی ڕۆژە، ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە، سبەینێ زوو بکەوە ڕێ و بگەڕێوە بۆ شوێنی خۆت.»

١٠بەڵام پیاوەکە نەیویست بمێنێتەوە، بەڵکو هەستا و ڕۆیشت، گەیشتە بەرامبەر یەبوس، واتا ئۆرشەلیم، دوو گوێدرێژە کورتانکراوەکەی و کەنیزەکەی لەگەڵدا بوو.

١١لەو کاتەدا لە نزیک یەبوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیک بوو لە ئاوابوون، خزمەتکارەکە بە گەورەکەی گوت: «وەرە با بچین بۆ ئەم شارەی یەبوسییەکان و تێیدا بمێنینەوە.»

١٢بەڵام گەورەکەی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێکی بێگانە کە هیچ کەسێکی لێ نییە لە نەوەی ئیسرائیل بێت، بەڵکو دەپەڕینەوە بۆ گیڤعا.»

١٣ئینجا بە خزمەتکارەکەی گوت: «با بەرەو پێش بچین، بەڵکو شەو لە گیڤعا یان لە ڕامە بمێنینەوە.»

١٤ئیتر پەڕینەوە و ڕۆیشتن، لە نزیک گیڤعای بنیامینەوە خۆریان لێ ئاوابوو.

١٥بەلای گیڤعادا لایاندا و چوونە ئەوێ تاکو شەو لەوێ بمێننەوە. لە مەیدانی شارەکە دانیشتن، بەڵام کەس نەیگرتنە خۆیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە.

١٦لەو کاتەدا پیرەمێردێک دەمەو ئێوارە لە کێڵگەوە لە کار دەگەڕایەوە، ئەم پیاوە خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، لە گیڤعادا نیشتەجێ بوو، خەڵکی شارەکەش بنیامینی بوون.

١٧پیرەمێردەکە چاوی هەڵبڕی و پیاوە ڕێبوارەکەی لەناو مەیدانی شارەکەدا بینی، پێی گوت: «بۆ کوێ دەچیت و لەکوێوە هاتوویت؟»

١٨ئەویش پێی گوت: «ئێمە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە هاتووین بۆ شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەچین. من خەڵکی ئەوێم و چووم بۆ بێت‌لەحمی یەهودا، ئێستا بەرەو ماڵی یەزدان دەچم و کەسیش نییە بمگرێتە خۆی.

١٩هەروەها کا و ئالیکمان پێیە بۆ گوێدرێژەکانمان، خۆم و ژنەکەم و خزمەتکارەکەم نان و شەرابمان پێیە. پێویستمان بە هیچ نییە.»

٢٠پیرەمێردەکە گوتی: «بەخێر بێیت، هەموو پێداویستییەکانت لەسەر من، بەڵام لە مەیدانەکە مەمێنەوە.»

٢١ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانەوە.

٢٢لەو کاتەدا کە دەحەوانەوە، پیاوە بەدڕەوشتەکانی شارەکە ماڵەکەیان گەمارۆ دا و لە دەرگاکەیان دا، لەگەڵ پیرەمێردەکەی خاوەنی ماڵەکە قسەیان کرد و گوتیان: «ئەو پیاوەی کە هاتە ناو ماڵەکەت بیهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بین.»

٢٣خاوەن ماڵەکە چووە دەرەوە بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براکانم، کاری خراپ مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هاتووەتە ناو ماڵەکەی من، ئەم بێ ئابڕووییە مەکەن.

٢٤ئەوەتا کچە پاکیزەکەم و کەنیزەی پیاوەکە، تکایە با بیانهێنمە دەرەوە و لاقەیان بکەن، چیتان پێ خۆشە لەگەڵیاندا بیکەن، بەڵام ئەم بێ ئابڕووییە لەگەڵ ئەم پیاوەدا مەکەن.»

٢٥بەڵام پیاوەکان نەیانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوەکە کەنیزەکەی گرت و ناردییە دەرەوە بۆیان. ئەوانیش بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لاقەیان کرد و بە خراپی لەگەڵیدا ڕایانبوارد، بەرەبەیان بەڕەڵایان کرد.

٢٦بەرەبەیان ژنەکە هات و هەتا ڕۆژ بووەوە لە بەردەرگای ماڵی پیاوەکەدا کەوت، کە گەورەکەشی لەوێ بوو.

٢٧کاتێک گەورەکەی بەیانی هەستا و دەرگاکانی ماڵەکەی کردەوە و هاتە دەرەوە هەتا بەڕێ بکەوێت، لەو کاتەدا ژنە کەنیزەکەی لە بەردەرگای ماڵەکە کەوتبوو و دەستی لەسەر سەکۆیەکە بوو.

٢٨پێی گوت: «هەستە با بڕۆین.» بەڵام وەڵام نەبوو. ئینجا خستییە سەر گوێدرێژەکە و گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.

٢٩کاتێک گەیشتەوە ماڵ، چەقۆیەکی هێنا و کەنیزەکەی گرت و پەلپەلی کرد، کردی بە دوازدە پارچە و ناردنی بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل.

٣٠جا هەرکەسێک بینی گوتی: «لە ڕۆژی کۆچکردنی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسرەوە هەتا ئەمڕۆ شتی وا نەبووە و نەبینراوە. لێی وردبنەوە و ڕاوێژ بکەن و قسەی لەسەر بکەن!»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.