کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕابەران

ڕابەران ٢١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پێشتر پیاوانی ئیسرائیل لە میچپا سوێندیان خواردبوو و گوتبوویان: «کەس لە ئێمە کچی خۆی ناداتە نەوەی بنیامین بۆ هاوسەرگیری.»

٢ئینجا گەل چوون بۆ بێت‌ئێل و هەتا ئێوارە لەوێدا لەبەردەم خودا مانەوە و دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، گریانێکی بەکوڵ.

٣گوتیان: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمە لە ئیسرائیلدا ڕوویدا، هەتا ئەمڕۆ نەوەی ئیسرائیل هۆزێک لە دەست بدات؟»

٤بۆ ڕۆژی دواتر گەل زوو هەستا و لەوێدا قوربانگایەکیان دروستکرد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد.

٥ئینجا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کێ بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتە بەردەم یەزدان؟» لەبەر ئەوەی سوێندیان خواردبوو کە هەرکەسێک نەیەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا، دەبێت بکوژرێت.

٦ئینجا نەوەی ئیسرائیل ئاخیان بۆ بنیامینی برایان هەڵکێشا و گوتیان: «ئەمڕۆ هۆزێک لە ئیسرائیلدا دابڕا.

٧بۆ ئەوانەی لێیان ماونەتەوە چی بکەین لەبارەی ژنەوە، چونکە ئێمە سوێندمان بە یەزدان خواردووە کە لە کچەکانمان ژنیان نەدەینێ؟»

٨ئینجا گوتیان: «چ هۆزێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل نەهاتووەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا؟» جا بۆیان دەرکەوت کەس لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بۆ کۆبوونەوەکەی ئۆردوگا نەهاتووە،

٩چونکە کاتێک گەلیان ژمارد، تەماشایان کرد تەنها یەک پیاویش لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد نەهاتووە.

١٠ئینجا کۆمەڵەکە دوازدە هەزار جەنگاوەریان بۆ ئەوێ نارد و ڕایانسپاردن و گوتیان: «بڕۆن و دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بدەنە بەر شمشێر، بە ژن و منداڵەکانیشەوە.

١١دەبێت ئەمەش بکەن، هەموو نێرێک و هەموو ئافرەتێک لەناو ببەن کە لەگەڵ نێر پاڵکەوتبێت.»

١٢جا لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاددا چوار سەد کچی پاکیزەیان بینییەوە کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو، ئەوانیان هێنا ئۆردوگاکە لە شیلۆ ئەوەی لە خاکی کەنعان بوو.

١٣ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ناردیان و لەگەڵ نەوەی بنیامین ئەوانەی لە تاشەبەردی ڕیمۆندا بوون قسەیان کرد و بانگیان کردن بۆ ئاشتبوونەوە.

١٤جا لەو کاتەدا نەوەی بنیامین گەڕانەوە و ئەو کچانەیان دانێ کە لە یاڤێش گلعاد بە زیندوویی هێشتبوونیانەوە، بەڵام هێشتا بەشی هەموو پیاوەکانی نەوەی بنیامینی نەکرد.

١٥گەلیش ئاخیان بۆ نەوەی بنیامین هەڵکێشا، چونکە یەزدان کەلێنی کردە ناو هۆزەکانی ئیسرائیلەوە.

١٦ئینجا پیرانی کۆمەڵەکە گوتیان: «ژن لە نەوەی بنیامین نەماوە، چی بۆ ئەوانی دیکە بکەین لەبارەی ژنانەوە؟

١٧پێویستە دەربازبووەکانی بنیامین میراتگریان هەبێت، تاکو هیچ هۆزێک لە ئیسرائیل نەسڕێتەوە.

١٨ئێمەش ناتوانین لە کچەکانمان ژنیان بدەینێ، چونکە نەوەی ئیسرائیل سوێندیان خواردووە و گوتوویانە، ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی ژن دەدات بە نەوەی بنیامین.“

١٩ئەوەتا هەموو ساڵێک لە شیلۆدا جەژن دەگێڕن بۆ یەزدان، لە باکووری بێت‌ئێل لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێگایەی لە بێت‌ئێلەوە سەردەکەوێت بۆ شەخەم و لە باشووری لەڤۆنە.»

٢٠ئینجا فەرمانیان دا بە نەوەی بنیامین و گوتیان: «بڕۆن و لە ڕەزەمێوەکاندا بۆسە بنێنەوە و

٢١چاوەڕێ بکەن هەتا کچانی شیلۆ دەچنە ناو سەماکردن، ئینجا ئێوە لە ڕەزەمێوەکانەوە وەرنە دەرەوە و هەریەکە و کچێک لە کچەکانی شیلۆ بۆ خۆتان بڕفێنن، بگەڕێنەوە بۆ خاکی بنیامین.

٢٢جا ئەگەر باوک و براکانیان هاتن بۆ ئەوەی سکاڵامان لەلا بکەن، پێیان دەڵێین: ”لەبەر ئێمە بەزەییتان پێیاندا بێتەوە، چونکە لە جەنگدا بۆ هەریەکیان ژنێکمان دەست نەکەوت. ئێوەش تاوانبار نین لە شکاندنی سوێندتان، چونکە بە ڕەزامەندی خۆتان کچەکانتان نەدانێ.“»

٢٣ئینجا نەوەی بنیامین ئاوایان کرد و بەپێی ژمارەیان ژنیان بۆ خۆیان لەو سەماکەرانە ڕفاند، ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ میراتەکەیان و شارۆچکەکانیان بنیاد ناوە و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

٢٤ئینجا لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە گەڕایەوە بۆ هۆزەکەی و خێڵەکەی. هەریەکە لەوێوە چووە دەرەوە بۆ میراتەکەی.

٢٥لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو و هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.