کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزڕابەران

ڕابەران ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوانە ئەو نەتەوانەن کە یەزدان بەجێی هێشتن، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکاتەوە، هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە شارەزاییان نەبوو دەربارەی هیچ کامێک لە جەنگەکانی کەنعان،

٢جا ئەوەی تەنها بۆ فێرکردنی نەوەی ئیسرائیل کرد بۆ جەنگ، ئەوانەی کە پێشتر شارەزاییان لە جەنگ نەبوو،

٣پێنج حوکمڕانەکەی فەلەستییەکان و هەموو کەنعانی و سەیدائی و حیڤییەکانی دانیشتووی زنجیرە چیای لوبنان، لە چیای بەعل‌حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات.

٤ئەمانە بۆ تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بوون، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان دەبن، ئەوانەی لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە باوباپیرانیان دابوو.

٥ئیتر کوڕانی ئیسرائیل لەنێو کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکاندا نیشتەجێ بوون.

٦کچەکانیان هێنان وەک ژن بۆ خۆیان و کچەکانی خۆشیان دا بە کوڕەکانی ئەوان و خوداوەندەکانی ئەوانیان پەرست.

٧جا نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لەبیر چووەوە و بەعلەکان و ئەشێراکانیان پەرست.

٨تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، لەبەر ئەوە ڕادەستی کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای میسۆپۆتامیای کردن. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەشت ساڵ ژێردەستەی کوشەن ڕیشعاتەیم بوون.

٩ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە و ڕزگاری کردن، ئەویش عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب ئەوەی لەو بچووکتر بوو.

١٠ڕۆحی یەزدان هاتە سەری و ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. چوو بۆ جەنگ و یەزدانیش کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای ئارامی خستە ژێر دەستیەوە و بەسەر کوشەن ڕیشعاتەیمدا باڵادەست بوو.

١١چل ساڵ خاکەکە لە ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی کوڕی قەنەز مرد.

١٢دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، لەبەر ئەوە عەگلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ کرد بەسەر ئیسرائیل، چونکە لەبەرچاوی یەزدان بەدکارییان کرد.

١٣جا عەگلۆن عەمۆنی و عەمالێقییەکانی لە خۆی کۆکردەوە، چوو و ئیسرائیلی بەزاند، دەستی بەسەر شاری دار خورمادا گرت.

١٤ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەژدە ساڵ ژێردەستەی عەگلۆنی پاشای مۆئاب بوون.

١٥ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە، ئێهودی کوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێکی چەپلەر بوو. نەوەی ئیسرائیلیش سەرانەیان بە دەستی ئەودا نارد بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب.

١٦ئێهود شمشێرێکی دوو دەمی بۆ خۆی دروستکرد کە درێژییەکەی باڵێک بوو، لەژێر جلەکانییەوە لەسەر ڕانی ڕاستی لە خۆی بەست.

١٧سەرانەکەی بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عەگلۆنیش پیاوێکی زۆر قەڵەو بوو.

١٨کاتێک ئێهود لە ڕادەستکردنی سەرانەکەی بووەوە، هەڵگرانی سەرانەکەی ڕەوانە کرد.

١٩بەڵام ئەو لەلای بتەکانی گلگالەوە گەڕایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، پەیامێکی نهێنیم پێیە بۆت.» ئەویش گوتی: «بێدەنگ بن!» ئینجا هەموو ئەوانەی لەلای وەستا بوون چوونە دەرەوە.

٢٠ئیتر ئێهود هاتە ژوورەوە بۆ لای بۆ ژوورە فێنکەکەی سەرەوە کە لێی دانیشتبوو و بە تەنها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «پەیامی خودام لەلایە بۆ تۆ.» ئەویش لەسەر کورسییەکە هەستا.

٢١ئێهودیش دەستی چەپی درێژکرد و شمشێرەکەی لە ڕانی ڕاستی کردەوە و کردی بە ورگی دا.

٢٢دەسکەکەشی لەدوای تیخەکە چووە ناوەوە و تیخەکە لە پشتی دەرچوو. ئێهود شمشێرەکەی لە ورگی ڕانەکێشایەوە، پیوەکەی هاتەوە سەر شمشێرەکە و پیساییەکەی هاتە دەرەوە.

٢٣ئینجا ئێهود چووە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، دەرگاکانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا داخست و کلیلی دان.

٢٤لەدوای ئەوەی ڕۆیشت، خزمەتکارەکان هاتن و بینییان دەرگاکانی ژوورەکەی سەرەوە داخراوە، بۆیە گوتیان: «بێگومان لە ژوورە فێنکەکە لە ئاودەستە.»

٢٥ئیتر چاوەڕێیان کرد هەتا نیگەران بوون. کاتێک بینییان دەرگاکانی سەرەوە ناکاتەوە، بۆیە دەستیان دایە کلیلەکە و کردیانەوە، بینییان گەورەکەیان لەسەر زەوی بە مردوویەتی کەوتووە.

٢٦بەڵام کاتێک ئەوان لە چاوەڕوانی بوون ئێهود دەرباز بوو، بەلای بتەکانیاندا تێپەڕی و دەرباز بوو بۆ سێعیرا.

٢٧کاتێک هات لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم کەڕەنای لێدا و کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵی لە چیاکە هاتنە خوارەوە و ئەو لەپێشیانەوە بوو.

٢٨پێی گوتن: «دوام بکەون، چونکە یەزدان دوژمنە مۆئابییەکانی ئێوەی خستە ژێر دەستتان.» ئەوانیش بەدوایدا هاتنە خوارەوە و تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان گرت کە دەچووە مۆئاب و نەیانهێشت کەس تێبپەڕێت.

٢٩لەو کاتەدا لە مۆئاب نزیکەی دە هەزار پیاویان کوشت، لە هەموو پاڵەوانێکی کەڵەگەت، کەس دەرباز نەبوو.

٣٠مۆئابییەکان لەو ڕۆژەدا ژێردەستەی ئیسرائیل بوون، خاکەکەش هەشتا ساڵ لە ئاشتیدا بوو.

٣١لەدوای ئێهود شەمگەری کوڕی عەنات بوو، کە شەش سەد پیاوی لە فەلەستییەکان بە گۆچانی گاوانی کوشت، هەروەها ئەویش ئیسرائیلی ڕزگار کرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.