کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ١٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت.

٢یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن، هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.

٣نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە: درەختی بڕاوەی دارستانن، دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،

٤بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن بۆ ئەوەی نەلەقن.

٥وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان، بتەکانیان قسە ناکەن، بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن، چونکە هەنگاو نانێن، لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین، هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.»

٦ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە، تۆ مەزنیت، لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.

٧کێ لێت ناترسێت، ئەی پاشای نەتەوەکان؟ چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە. لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و لە هەموو شانشینەکانیان، کەس هاوتای تۆ نییە.

٨تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون، شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.

٩زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و زێڕ لە ئوفازەوە. دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە، بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە، هەمووی دەستکردی وەستایانن.

١٠بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.

١١«ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»

١٢بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.

١٣کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.

١٤هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە.

١٥ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.

١٦بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.

١٧لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە، ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!

١٨لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە دەردەکەمە دەرەوە، تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»

١٩وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم! برینەکەم بێ چارەیە! بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و دەبێ بەرگەی بگرم.»

٢٠چادرەکەم تێکدراوە، هەموو گوریسەکانی پساون. کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون، ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.

٢١شوانەکان دەبەنگ بوون و داوای یەزدانیان نەکرد، لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.

٢٢گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت، هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە، تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن، بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.

٢٣ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە، کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.

٢٤ئەی یەزدان، تەمبێم بکە، بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت، نەوەک لەناوم ببەیت.

٢٥تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە دانت پێدا نانێن و بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن، چونکە یاقوبیان خوارد، بە تەواوی خواردیان و نشینگەکەیان وێران کرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.