١کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد،
٢لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە.
٣بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ،
٤چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر.
٥هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل.
٦تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»
٧ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام، تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی. بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن، هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
٨هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم، جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم، چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام، گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
٩بەڵام ئەگەر بڵێم: «باسی ناکەم، ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،» جا وشەکەی لە دڵمدا وەک ئاگرێکی داگیرساو دەبێت، وەک ئاگرێکی پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم، بێزار دەبم لە دامرکاندنەوەی و ناتوانم بێدەنگ بم.
١٠گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە: «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە! خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!» هەموو هاوڕێیەکانم چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن: «بەڵکو فریوبخوات، ئینجا دەرەقەتی دێین و تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»
١١بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە، لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن، سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن، شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
١٢ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و ناخ و دڵ دەپشکنیت، با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم، چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
١٣گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن! ستایشی یەزدان بکەن! چونکە هەژار ڕزگار دەکات لە دەستی بەدکاران.
١٤نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم! با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
١٥نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم، زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی: «کوڕێکت بوو!»
١٦با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد. با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت، نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
١٧چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم، جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
١٨بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟ ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟ ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟