١یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە،
٢بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.
٣یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘
٤ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی.
٥بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٦یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت: «هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی، وەک لووتکەی لوبنانی، بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم، وەک شاری بێ دانیشتووان.
٧تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم، هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە، جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.
٨«خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“
٩جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»
١٠بۆ پاشا مردووەکە مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن، بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت، چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.
١١سەبارەت بە شەلومی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە ئێرە،
١٢بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»
١٣«قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری، ئەوەی بێگاری بە هاوڵاتییان دەکات، هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
١٤دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم، ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“ پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە، دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت، بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.
١٥«ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا، کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟ ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟ ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد، جا سەرکەوتوو بوو.
١٦بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد، جا سەرکەوتوو بوو. ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٧«بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە، لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە، لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»
١٨لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: «بۆی نالاوێننەوە، ”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“ بۆی نالاوێننەوە، ”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
١٩بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت، ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»
٢٠«ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە، با لە باشان دەنگت ببیسترێت، لە عەڤاریمەوە هاوار بکە، چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
٢١لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە، بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“ لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت، کە گوێڕایەڵی من نابیت.
٢٢هەموو شوانەکانت با بەڕێوەیان دەبات و هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن، ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت لەبەر هەموو خراپەکانت.
٢٣ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“، ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە، چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت، وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»
٢٤یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و
٢٥دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان.
٢٦خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن.
٢٧هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»
٢٨ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟ ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟ بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران، تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
٢٩ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک! گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
٣٠یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن، پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت، کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت، کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»