١ئەو پەیامەی لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کە دەکاتە ساڵی یەکەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا بۆ یەرمیا هات.
٢ئەوەی یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا و بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند:
٣«لە ساڵی سێزدەیەمینی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهوداوە هەتا ئەمڕۆ، ئەم بیست و سێ ساڵە، فەرمایشتی یەزدانم بۆ دەهات و منیش بەردەوام قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.
٤«یەزدانیش بەردەوام هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆی بۆ ناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت و گرنگیتان پێنەدا.
٥پێیان گوتن: ”لە ڕەفتارە ناشیرین و کردەوە خراپەکانتان بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن لەسەر ئەو خاکەی کە یەزدان داویەتییە ئێوە و باوباپیرانتان، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
٦شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»
٧یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام گوێتان لێم نەگرت، بۆ ئەوەی بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم بکەن، بەخۆتان سزاتان بۆ سەر خۆتان هێنا.»
٨لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئێوە گوێتان لە قسەی من نەگرت،
٩ئەوەتا دەنێرم و هەموو خێڵەکانی باکوور کۆدەکەمەوە، هەروەها نەبوخودنەسری خزمەتکارم، پاشای بابل، جا دەیانهێنمە سەر ئەم خاکە و سەر دانیشتووانەکەی و سەر هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری. بە تەواوی قڕیان دەکەم، دەیانکەمە پەند و تانە و تەشەر و وێرانییەکی هەتاهەتایی.
١٠دەنگی بەزم و شادی، دەنگی بووک و زاوا، دەنگی دەستاڕ و ڕووناکی چرایان ناهێڵم.
١١هەموو ئەم خاکە دەبێتە وێرانەیەکی چۆڵ، ئەم نەتەوانەش حەفتا ساڵ خزمەتی پاشای بابل دەکەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١٢یەزدان دەفەرموێت: «کە حەفتا ساڵەکە تەواو بوو، سزای پاشای بابل و ئەو نەتەوەیە دەدەم، لەسەر تاوانەکانیان، سزای خاکی بابلییەکانیش دەدەم و دەیکەمە چۆڵەوانییەکی هەتاهەتایی.
١٣هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە، ئەوەی یەرمیا سەبارەت بە هەموو ئەم نەتەوانە پێشبینیی کرد، هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی تێدا هاتووە کە سەبارەت بەو خاکە فەرموومە پەیڕەوی دەکەم،
١٤چونکە ئەوانیش دەبنە کۆیلەی زۆر نەتەوە و پاشای گەورە، بەگوێرەی کردەوە و کارەکانی خۆیان سزایان دەدەمەوە.»
١٥یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئاوای بە من فەرموو: «جامی شەرابی ئەم تووڕەییە لە دەستم وەربگرە و دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەی بدە کە من دەتنێرم بۆ لایان.
١٦کاتێک دەیخۆنەوە، بەلادادێن و شێت دەبن لەبەر ئەو شمشێرەی کە من دەینێرمە ناویان.»
١٧منیش جامەکەم لە دەستی یەزدان وەرگرت، دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەم دا کە یەزدان ناردمی بۆیان:
١٨بۆ ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا و پاشا و پیاوە گەورەکانی، تاکو وێران بن و ببنە پەند و مایەی تانە و تەشەر و نەفرەت لێکردن، هەروەک ئێستا؛
١٩بۆ فیرعەونی پاشای میسر و خزمەتکار و پیاوە گەورەکانی و هەموو گەلەکەی
٢٠و هەموو بێگانەکانی ئەوێ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی عوچ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی فەلەستییەکان؛ ئەسقەلان و غەزە و عەقرۆن و پاشماوەی ئەشدۆد؛
٢١بۆ ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆنییەکان؛
٢٢بۆ هەموو پاشاکانی سور و هەموو پاشاکانی سەیدا؛ بۆ پاشاکانی کەنارەکان، ئەوانەی لەوبەری دەریان؛
٢٣بۆ دیدان و تێما و بووز و هەموو قژبڕاوەکان؛
٢٤بۆ هەموو پاشاکانی عەرەبستان و سەرکردەی هەموو هۆزەکانی نیشتەجێی بیابان؛
٢٥بۆ هەموو پاشاکانی زیمری و ئیلام و میدیا؛
٢٦بۆ هەموو پاشاکانی باکوور، نزیک و دووریان، یەک لەدوای یەک؛ بۆ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی. لەدوای هەموویانەوە، هەروەها پاشای شێشەخ ئەو جامە دەخواتەوە.
٢٧«پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بخۆنەوە و سەرخۆش بن و بڕشێنەوە، بکەون و هەڵمەستنەوە لەبەر ئەو شمشێرەی من دەینێرمە ناوتان.“
٢٨ئەگەر ڕازی نەبوون جامەکە لە دەستت وەربگرن بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: دەبێت بیخۆنەوە!
٢٩ئەوەتا ئەو شارەی ناوی منی هەڵگرتووە، من دەستم پێکردووە بەڵای بەسەردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوە بێ سزا دەبن؟ نەخێر بێ سزا نابن! چونکە من شمشێر دەهێنمە سەر هەموو دانیشتووانی زەوییەکە.“ ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
٣٠«تۆش هەموو ئەو پەیامەی من لە دژی ئەوان ڕابگەیەنە و پێیان بڵێ: «”یەزدان لە ئاسمان دەنەڕێنێت، لە نشینگەی پیرۆزیەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و بەهێز بەسەر خاکی خۆیدا دەنەڕێنێت. وەک ئەوانەی ترێ پێپەست دەکەن بە هوتافەوە هاوار دەکات بەسەر هەموو دانیشتووانی زەوی.
٣١هاتوهاوار گەیشتە ئەوپەڕی زەوی، چونکە یەزدان سکاڵا لە نەتەوەکان دەکات، دادوەری هەموو ئادەمیزاد دەدات و بەدکارەکان دەداتە بەر شمشێر.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٣٢یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئاگاداربن! بەڵا بڵاو دەبێتەوە لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک، گەردەلوولێکی گەورە هەڵدەکات لەوپەڕی زەوییەوە.»
٣٣لەو ڕۆژەدا، ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن لەمپەڕی زەوییەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی دەبن، شیوەنیان بۆ ناگێڕدرێت و کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە.
٣٤ئەی شوانەکان، واوەیلا و هاوار بکەن! ئەی سەرپەرشتیارانی مێگەل، خۆتان بگەوزێنن، چونکە کاتتان هاتووە بۆ سەربڕین، وەک گۆزەیەکی بە نرخ دەکەون و تێکدەشکێنرێن.
٣٥پەناگا بۆ شوانەکان نامێنێت، دەربازبوونیش بۆ سەرپەرشتیارانی مێگەل.
٣٦گوێ بگرە لە هاواری شوانەکان و واوەیلای سەرپەرشتیارانی مێگەل، چونکە یەزدان لەوەڕگاکانیان تێکدەدات.
٣٧مێرگەکانی ئاشتی لەناودەچن لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.
٣٨ئەو وەک بەچکە شێر لانەی خۆی بەجێدەهێڵێت، چونکە خاکەکە وێران دەبێت لەبەر شمشێری ستەمکار و لەبەر جۆشی تووڕەیی یەزدان.