کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ٣١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.»

٢یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت، کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.»

٣لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت: «بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.

٤ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە، بنیاد دەنرێیتەوە. دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت.

٥دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت لە چیاکانی سامیرە، ڕەزەوانەکان دەچێنن و بەرەکەی دەخۆن.

٦ڕۆژێک دێت چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن: ”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین، بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“»

٧یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن، هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە. با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن: ”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە، پاشماوەکەی ئیسرائیل!“

٨ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە، لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە، لەنێویان شەل و نابینا دەبێت ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە، کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.

٩بە گریانەوە دێن، لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە، بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم، بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون، چونکە من باوکی ئیسرائیلم، ئەفرایم نۆبەرەمە.

١٠«ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن: ”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە، وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت،“

١١چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا، لە دەست ئەوەی لەو بەهێزتر بوو کڕییەوە.

١٢جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن. لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە، بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە، بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە. وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن، جارێکی دیکە سیس نابن.

١٣ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن، گەنجان و پیران پێکەوە. شینیان دەگۆڕم بە شادی، دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم.

١٤کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری، گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١٥یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.»

١٦یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «واز لە گریان بهێنە و چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ، چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.

١٧کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە. منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١٨«بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا: ”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم، من تەمبێ بووم. بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە، چونکە تۆ یەزدانی پەروەردگاری منی.

١٩لەدوای گومڕابوونم، پەشیمان بوومەوە، لەدوای تێگەیشتنم، لە سنگی خۆمم دا. شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا، چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“

٢٠ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە، ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟ لەبەر ئەوەی هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم، دووبارە دێتەوە یادم. لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت، بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٢١«نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و ڕێوشوێن دابنێ. بە وردی بڕوانە ڕێگاکە، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن. ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە، بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.

٢٢هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت، ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟ چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە: ژن پیاو دەپارێزێت.»

٢٣یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە: ”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“

٢٤جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن.

٢٥ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.»

٢٦لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.

٢٧یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، ژمارەی خەڵک و ژمارەی ئاژەڵ لە ئیسرائیل و یەهودا زۆر زیاد دەکەم.

٢٨جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشەکێشکردن و ڕووخاندن، بۆ کاولکاری، بۆ لەناوبردن و بەڵا بەسەرهێنان، ئاواش چاودێر دەبم بۆ بنیادنانەوە و چاندن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٢٩«لەو ڕۆژانەدا ئیتر ناڵێن: «”باوکان بەرسیلەیان خوارد، ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبێت.“

٣٠بەڵکو هەرکەسە و بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، هەرکەسێک بەرسیلە بخوات ددانی خۆی ئاڵ دەبێت.»

٣١یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.

٣٢وەک ئەو پەیمانە نابێت کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم، ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم، چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند، هەرچەندە من مێردی ئەوان بووم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣٣یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم، فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان و لەسەر دڵیان دەینووسم. من دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.

٣٤لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“ چونکە هەموویان دەمناسن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣٥یەزدان ئەمە دەفەرموێت، ئەوەی خۆری داناوە بۆ درەوشانەوە لە ڕۆژ، فەرزی مانگ و ئەستێرەکانیش بۆ درەوشانەوە لە شەو، ئەوەی دەریا دەوروژێنێت، شەپۆلەکانی هاژەیان دێت، ناوی یەزدانی سوپاسالارە،

٣٦یەزدان دەفەرموێت: «ئەگەر ئەم فەرزانە لەبەرچاوم نەمێنن، ئەوسا ڕەچەڵەکی ئیسرائیلیش کپ دەبن لەوەی بە درێژایی ڕۆژگار لەبەردەمم ببن بە نەتەوە.»

٣٧یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەگەر ئاسمان لە سەرەوە بپێورێت، ئەگەر بناغەکانی زەوی لە ژێرەوە بپشکنرێن، ئەوسا منیش هەموو ڕەچەڵەکی ئیسرائیل ڕەت دەکەمەوە، لەبەر هەموو ئەوەی کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣٨یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، شارەکە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت، لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە.

٣٩لەوێوە گوریسی پێوانە بەسەر گردی گارێڤ درێژ دەکرێت و دەسووڕێتەوە بۆ گۆعە.

٤٠تەواوی ئەو دۆڵەی لاشە و خۆڵەمێشی تێدا فڕێدەدرێت، هەروەها هەموو کێڵگەکان بۆ دۆڵی قدرۆن لە ڕۆژهەڵات تاوەکو دەروازەی ئەسپ پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، هەتاهەتایە ڕیشەکێش ناکرێت و جارێکی دیکە کاول ناکرێتەوە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.