کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ٥٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:

٢«لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن، ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن، هیچ مەشارنەوە، بڵێن، ”بابل دەگیرێت، بێل شەرمەزار دەبێت، مەرۆداخ وردوخاش دەبێت. پەیکەرەکانی شەرمەزار و بتەکانی وردوخاش دەبن!“

٣نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری، خاکەکەی وێران دەکات، ئاوەدانی تێدا نابێت، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»

٤یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە، نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن، بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.

٥پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و ڕووی تێ دەکەن. دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت، دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.

٦«گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون، شوانەکانیان گومڕایان کردن، وێڵی ناو چیاکانیان کردن. لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان، جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.

٧هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان، دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین، لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد، کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە، لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“

٨«لە بابل ڕابکەن، خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن، وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن،

٩چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم. ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن، لە باکوور دەیگرن. تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە، بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە.

١٠خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت، ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

١١«ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم، لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون، وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و وەک ئەسپ حیلاندتان،

١٢دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت، ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت. دەبێتە دوایین نەتەوە، دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت.

١٣لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی. هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات، لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.

١٤«ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان، لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن. تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن، چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد.

١٥لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن! خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون، شووراکانی دەڕووخێن. لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە، تۆڵەی لێ بکەنەوە، چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە.

١٦وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و داس بەدەست لە کاتی دروێنە. لە ڕووی شمشێری ستەمکار، با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە، با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت.

١٧«ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە، شێرەکان ڕاویان ناوە. سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا، ئینجا ئەمەی دوایی، نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئێسکەکانی هاڕی.»

١٨لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم، وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.

١٩بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی، جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت، لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش تێر دەخوات.»

٢٠یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا، بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن، بەڵام نییەتی، هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن، بەڵام هیچ نادۆزنەوە، چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»

٢١یەزدان دەفەرموێت: «پەلاماری خاکی میراتەیم و دانیشتووانی پەقۆد بدە. ڕایانماڵە و بیانکوژە و بە تەواوی بیانبڕەوە، هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت بیکە.

٢٢لە خاکەکە دەنگی جەنگە، دەنگی تێکشکانێکی مەزن!

٢٣چۆن تێکشکا و تەفروتونا بوو، چەکوشی هەموو زەوی! بابل چۆن وێران بوو لەنێو نەتەوەکان!

٢٤ئەی بابل، تەڵەم بۆت نایەوە، بەبێ ئەوەی بزانی پێوەبوویت. دۆزرایتەوە و گیرایت، چونکە دژایەتی یەزدانت کرد.

٢٥یەزدان جبەخانەکەی خۆی کردەوە و چەکەکانی تووڕەیی خۆی دەرهێنا، چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، کارێکی هەیە لە خاکی بابلییەکان.

٢٦لەوپەڕەوە وەرنە سەری! ئەمبارەکانی بکەنەوە، وەک کۆمەی دەغڵودان کەڵەکەی بکەن. بە تەواوی قڕی بکەن، پاشماوەی نەمێنێتەوە!

٢٧هەموو جوانەگاکانی بکوژن، با بۆ سەربڕین ببردرێن! قوڕبەسەریان! چونکە ڕۆژیان هات، کاتی سزادانیان.

٢٨لە خاکی بابلەوە گوێ لە دەنگی هەڵاتووان و دەربازبووان بگرن لە سییۆن ڕایبگەیەنن چۆن یەزدانی پەروەردگارمان تۆڵەی سەندەوە، تۆڵەی پەرستگاکەی.

٢٩«تیرهاوێژەکان بانگ بکەن لە دژی بابل، هەموو کەوان بەدەستەکان. لە هەموو لایەکەوە دابەزنە سەری، با کەس دەرباز نەبێت. بەگوێرەی کردەوەکەی سزای بدەن، هەموو ئەوەی کردی پێی بکەنەوە، چونکە لە ڕووی یەزدان وەستایەوە، لە ڕووی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

٣٠لەبەر ئەوە لاوەکانی لە گۆڕەپانەکاندا دەکوژرێن و لەو ڕۆژەدا هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣١«ئەی بێ چاوەڕوو، ئەوەتا من لە دژی تۆم، چونکە ڕۆژت هات، کاتی سزادانت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.

٣٢«جا بێ چاوەڕووەکە ساتمە دەکات و دەکەوێت، کەس هەڵیناستێنێتەوە، منیش ئاگر بەردەدەمە شارۆچکەکانی و هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.»

٣٣یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل چەوسێنراوەن، هەروەها نەوەی یەهوداش. هەموو ئەوانەی ڕاپێچیان کردن ئەوانیان گرت، ڕازی نەبوون بەڕەڵایان بکەن.

٣٤بەڵام ئەوەی دەیانکڕێتەوە بەهێزە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە. بە چالاکی داکۆکی لە کێشەکەیان دەکات، هەتا خاکەکە دەحەسێنێتەوە، بەڵام دانیشتووانی بابل هەراسان دەکات.»

٣٥یەزدان دەفەرموێت: «شمشێر لە دژی بابلییەکانە! لە دژی دانیشتووانی بابلە و لە دژی میر و پیاوە داناکانییەتی!

٣٦شمشێر لە دژی قسە پووچەکانە! جا گێل دەبن. شمشێر لە دژی پاڵەوانەکانییەتی! جا دەتۆقن.

٣٧شمشێر لە دژی ئەسپ و گالیسکەکانییەتی، لە دژی هەموو سەربازە بێگانەکان لە ڕیزەکانی ئەو! جا دەبن بە ژن. شمشێر لە دژی گەنجینەکانییەتی! جا تاڵان دەکرێن.

٣٨وشکەساڵی لە دژی ئاوەکانییەتی! جا وشک دەبن، چونکە خاکی بتەکانە، ئەو بتانەی شێتی و تۆقین دەهێنن.

٣٩«لەبەر ئەوە دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار تێیدا دەژین، کوندەپەپووی تێدا دەژیێت. ئیتر هەرگیز کەسی تێدا نیشتەجێ نابێت، نەوە دوای نەوە ئاوەدان نابێتەوە.

٤٠وەک چۆن خودا سەدۆم و عەمۆرای سەرەوژێر کرد لەگەڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری، هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت، هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٤١«ئەوەتا! سوپایەک لە باکوورەوە دێت، نەتەوەیەکی مەزن و چەندین پاشا، لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێن.

٤٢کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە، دڵڕەقن و بەزەییان نییە. دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و سواری ئەسپ دەبن، وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی شاری بابل.

٤٣پاشای بابل هەواڵی ئەوانی بیست، ورەی ڕووخا، تووشی تەنگانە بوو، تووشی ئازار بوو وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.

٤٤ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت، بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان، ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ بابلییەکان ڕاودەنێم. کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟ کێ وەک منە و کێ کێشمەکێشم لەگەڵ دەکات؟ ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»

٤٥لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی بابل داڕشتووە، مەبەستی چی بووە لە دژی خاکی بابلییەکان بیکات: بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن، بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.

٤٦لە دەنگی گرتنی بابل زەوی دەلەرزێت، قیژەیان دەگاتە ناو نەتەوەکان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.