کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەرمیا

یەرمیا ٥٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو.

٢ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی.

٣لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن. ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.

٤ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا.

٥هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.

٦لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن.

٧ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. بە ڕێگای عەراڤادا هەڵاتن،

٨بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای سدقیای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن، هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو،

٩جا پاشایان بە دیل گرت. بردیانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد.

١٠هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد.

١١پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد، بردی بۆ بابل و هەتا ڕۆژی مردنی لە بەندیخانە بەندی کرد.

١٢لە دەی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، ئەوەی خزمەتی پاشای بابلی دەکرد، هاتە ئۆرشەلیم.

١٣پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند.

١٤شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون.

١٥جا لە ڕەشوڕووتی گەل و پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکەدا مابوونەوە و ئەوانەی بۆ لای پاشای بابل هەڵاتبوون لەگەڵ پاشماوەی وەستاکان، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن.

١٦بەڵام نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.

١٧کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، هەموو بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد،

١٨هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، تاس، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات.

١٩فەرماندەی پاسەوانانی پاشا تەشت و بخووردان، تاس، مەنجەڵ، چرادان، چەمچە و پەرداخەکانی برد. هەموو ئەوەی کە بە زێڕ و زیو دروستکرابوو بردی.

٢٠بڕۆنزی دوو کۆڵەکەکە و حەوزەکە و دوازدە گاکان کە لەژێر عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەدا بوون، ئەوەی سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، لە کێش نەدەهات.

٢١هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ درێژییەکەی بوو، چێوەکەی دوازدە باڵ بوو، ئەستووریشی چوار پەنجە بوو، کلۆر بوو.

٢٢تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە پێنج باڵ بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ هەنارەکان.

٢٣نەوەد و شەش دانە هەنار لە دەوری هەر ستوونێک هەبوو، سەرجەمی هەنارەکان لەسەر هەر کەتیبەیەک لە چواردەوریدا سەد دانە بوون.

٢٤فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت.

٢٥لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، حەوت ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی سوپاسالاری گرت ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن.

٢٦نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە بۆ لای پاشای بابل.

٢٧پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی. ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا.

٢٨ئەمانە ئەو خەڵکە بوون کە نەبوخودنەسر ڕاپێچی کرد: لە ساڵی حەوتەم، سێ هەزار و بیست و سێ جولەکە؛

٢٩لە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسریش، هەشت سەد و سی و دوو کەس لە ئۆرشەلیم ڕاپێچ کران؛

٣٠ئینجا لە ساڵی بیست و سێیەمی نەبوخودنەسر، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا حەوت سەد و چل و پێنج جولەکەی ڕاپێچ کرد. سەرجەمیان چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.

٣١لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و پێنجی مانگی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد و هێنایە دەرەوە.

٣٢بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون.

٣٣ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد.

٣٤بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشای بابلەوە پێدەدرا، هەتا ڕۆژی مردنی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.