١لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو.
٢ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو.
٣هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون.
٤وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو،
٥ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە.
٦مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو.
٧ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن.
٨ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات.
٩ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان.
١٠ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی.
١١ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد.
١٢لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا،
١٣ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون.
١٤وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت و ڕاستی.
١٥یەحیا شایەتی بۆ دا و هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.»
١٦لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە،
١٧چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات.
١٨هەرگیز کەس خودای نەبینیوە جگە لە کوڕە تاقانەکەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، ئەو خودای دەرخست.
١٩ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین و لێڤییان ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟»
٢٠ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە نیم.»
٢١ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.» «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر.»
٢٢لە کۆتاییدا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»
٢٣یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی: «﴿من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“﴾»
٢٤ئەوانەی لەلایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون،
٢٥لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟»
٢٦یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن،
٢٧ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»
٢٨ئەمانە لە بێتعەنیا ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.
٢٩بۆ بەیانی کاتێک یەحیا بینی عیسا بەرەو ڕووی دێت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات!
٣٠ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە، چونکە پێش من بووە.
٣١منیش نەمدەناسی، بەڵام هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت.»
٣٢ئینجا یەحیا شایەتی دا و گوتی: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە.
٣٣من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.“
٣٤خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»
٣٥بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو.
٣٦کاتێک عیسای لە کاتی ڕۆیشتندا بینی، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!»
٣٧کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو، دوای عیسا کەوتن.
٣٨عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟» پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتا مامۆستا.
٣٩پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.» لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ بوو.
٤٠ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن.
٤١یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان دۆزییەوە.» واتا دەستنیشانکراو.
٤٢ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا. عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتا پەترۆس.
٤٣بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.»
٤٤فیلیپۆس خەڵکی بێتسەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس.
٤٥فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.»
٤٦ناتانئیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە و ببینە.»
٤٧عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت، دەربارەی فەرمووی: «ئەوەیە ئیسرائیلیی ڕەسەن، کە هیچ فێڵێکی تێدا نییە!»
٤٨ناتانئیل پێی گوت: «چۆن دەمناسیت؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی.»
٤٩ناتانئیل وەڵامی دایەوە: «ڕابی، تۆ کوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!»
٥٠عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕت هێنا، چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!»
٥١ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ سەردەکەون و دادەبەزن.»