١«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو پشتیری مەڕەکان، بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە.
٢بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە، ئەوە شوانی مەڕەکانە.
٣دەرگاوانیش دەرگاکەی لێ دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات و دەیانباتە دەرەوە.
٤کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات و مەڕەکانیش دوای دەکەون، چونکە دەنگی دەناسنەوە.
٥هەرگیز دوای کەسی بێگانە ناکەون، بەڵکو لێی ڕادەکەن، چونکە دەنگی بێگانە ناناسن.»
٦عیسا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن باسی چییان بۆ دەکات.
٧لەبەر ئەوە دیسان عیسا فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، منم دەرگای مەڕەکان.
٨هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن.
٩منم دەرگاکە. ئەوەی لە منەوە بچێتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادانە دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە.
١٠دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی پڕ و تەواو.
١١«منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت.
١٢بەکرێگیراویش شوانی مەڕەکان نییە و مەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات.
١٣کابرا هەڵدێت، چونکە بە کرێ گیراوە و خەمی مەڕەکانی نییە.
١٤«منم شوانە دڵسۆزەکە. مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن،
١٥هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم.
١٦هەروەها مەڕی دیکەم هەیە کە سەر بەم پشتیرە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان.
١٧لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە.
١٨کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»
١٩بەهۆی ئەم قسانەوە دیسان دووبەرەکی لەنێو جولەکەکان پەیدابوو.
٢٠زۆرێک لەوان گوتیان: «ڕۆحی پیسی هەیە و وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟»
٢١هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی کەسێک نییە کە ڕۆحی پیسی تێدابێت. ئایا ڕۆحی پیس دەتوانێت چاوی نابینا چاک بکاتەوە؟»
٢٢زستان بوو و لە ئۆرشەلیم جەژنی هەنوکە بوو،
٢٣عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا لە ڕێڕەوە سەر داپۆشراوەکەی سلێمان پیاسەی دەکرد، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.
٢٤جولەکەکان لێی کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ئاشکرا پێمان بڵێ.»
٢٥عیسا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن.
٢٦بەڵام ئێوە باوەڕ ناکەن، چونکە لە مەڕەکانم نین.
٢٧مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون،
٢٨ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت.
٢٩باوکم کە بە منی داون لە هەمووان گەورەترە، کەسیش ناتوانێت لە دەستی باوک بیانڕفێنێت.
٣٠من و باوک یەکین.»
٣١دیسان ئەو جولەکانەی بەرهەڵستی عیسایان دەکرد بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن.
٣٢بەڵام عیسا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟»
٣٣جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «لەبەر کردارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کفرکردنتەوە، چونکە تۆ مرۆڤیت و خۆت دەکەیت بە خودا.»
٣٤عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا لە تەوراتەکەتان نەنووسراوە: ﴿من پێم گوتن: ”ئێوە خوداوەندەکانن“﴾؟
٣٥نووسراوە پیرۆزەکە هەمیشە ڕاستی دەفەرموێت. ئەگەر خودا ئەوانە بە ”خوداوەندەکان“ ناو بنێت کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە،
٣٦ئیتر چۆن ئێوە بەوە دەڵێن کە باوک بۆ خۆی تەرخانی کردووە و ناردوویەتی بۆ جیهان: ”تۆ کفر دەکەیت،“ چونکە گوتم: ”من کوڕی خودام“؟
٣٧ئەگەر کارەکانی باوکم نەکەم، باوەڕم پێ مەکەن.
٣٨بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.»
٣٩دیسان ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو.
٤٠ئینجا عیسا چووەوە ئەوبەری ڕووباری ئوردون و لەوێ مایەوە، لەو شوێنەی کە یەحیا یەکەم جار خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.
٤١زۆر خەڵک هاتنە لای و دەیانگوت: «یەحیا هیچ پەرجووێکی نەکرد، بەڵام هەرچی یەحیا دەربارەی ئەم پیاوە گوتی ڕاست بوو.»
٤٢لەوێ خەڵکێکی زۆر باوەڕیان بە عیسا هێنا.