١«چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە، گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم.
٢وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛ من لە ئێوە کەمتر نیم.
٣بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم، دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم.
٤بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن، هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.
٥خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون! ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی.
٦ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن.
٧ئایا بە درۆ بەرگری لە خودا دەکەن؟ ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟
٨ئایا لایەنگری دەکەن، یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟
٩ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟
١٠بێگومان سەرزەنشتتان دەکات ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن.
١١ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟
١٢یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ.
١٣«لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
١٤بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم، ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
١٥ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم، لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
١٦هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە، کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
١٧بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
١٨ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو، دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
١٩کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات، تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟
٢٠«ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە، ئیتر لەبەردەمت ون نابم.
٢١دەستت لێم دووربخەوە و با سامی تۆ نەمترسێنێت.
٢٢ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە، یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە.
٢٣چەند تاوان و گوناهم هەیە؟ یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە.
٢٤بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟
٢٥ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟ ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟
٢٦تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت.
٢٧جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و شوێن پێیەکانم دەپشکنیت.
٢٨«وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم، وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.