کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٢٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەیوب دیسان بە هەمان شێوە قسەی کردەوە و گوتی:

٢«بە گیانی خودا کە مافی خۆمی لێم داماڵیوە، سوێند بە توانادارەکە کە ناخی منی تاڵکردووە،

٣هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت، هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت،

٤لێوەکانم بە خراپە نادوێن و زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.

٥لە من بەدوور بێت بڵێم کە ڕاستییەکەی لای ئێوەیە، هەتا ئەو کاتەی ژیان بەدەستەوە دەدەم دروستی لە خۆم دانابڕم.

٦دەستم بە ڕاستودروستی خۆمەوە گرتووە و شلی ناکەم، بە درێژایی ژیانم ویژدانم سەرزەنشتم ناکات.

٧«با دوژمنم وەک بەدکار بێت و بەرهەڵستکارم وەک زۆردار بێت.

٨خوانەناس کە دەبڕدرێتەوە چ هیوایەکی هەیە، کاتێک خودا ژیانی دەڕفێنێت؟

٩ئایا خودا گوێی لە هاواری دەبێت کە تەنگانەی بەسەردا دێت؟

١٠یان ئایا بە توانادارەکە دڵخۆش دەبێت؟ ئایا هەموو کاتێک داوا لە خودا دەکات؟

١١«من توانای خوداتان پێ دەناسێنم؛ کارەکانی توانادارەکە لە ئێوە ناشارمەوە.

١٢ئەوەتا ئێوە هەمووتان بینیتان، ئیتر بۆچی بە پووچی دەدوێن؟

١٣«ئەمە بەشی کەسی بەدکارە لەلایەن خوداوە، میراتی ستەمکارە کە لە توانادارەکەوە وەریدەگرن.

١٤ئەگەر کوڕانی زۆر بوون ئەوا بۆ شمشێرن و نەوەکەشی تێر نان نابن.

١٥دەرد پاشماوەکەی دەخاتە ناو گۆڕ و بێوەژنەکانیان ناگرین.

١٦ئەگەر زیو وەک خۆڵ و جلوبەرگ وەک قوڕ کەڵەکە بکات،

١٧ئەوەی ئامادەی دەکات ڕاستودروست لەبەری دەکات، بێتاوان زیوەکەی دابەش دەکات.

١٨وەک قۆزاخەی مۆرانە ماڵەکەی خۆی بنیاد دەنێت و وەک کەپرێک چاودێر دروستی بکات.

١٩بە دەوڵەمەندی ڕادەکشێت، بەڵام جارێکی دیکە نایکات؛ کە چاوی دەکاتەوە هیچی نەماوە.

٢٠کارەساتەکان وەک لافاو پێی دەگەن، ڕەشەبایەک بە شەو دەیڕفێنێت.

٢١بای ڕۆژهەڵات هەڵیدەگرێت و دەڕوات، لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت.

٢٢لەبەردەم با بەهێزەکە هەڵدێت، بایەکەش بەبێ بەزەیی لێی دەدات.

٢٣بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەی بۆ لێدەدات، بە فیکەلێدان لە جێی خۆیەوە دەریدەکات.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.